Accessibility links

بەهۆی لافاوەوە لە ئیندۆنیسیا لانی کەم 8 کەس گیانیان لەدەستدا


دەزگای کارەساتەکان لە ئیندۆنیسیا وتی بەهۆی لافاوەوە لە دورگەی جاڤا لانی کەم هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا تیمەکانی فریاکەوتن لە هەوڵی ئەوەدان ڕزگاربووەکان بدۆزنەوە.

باران بارینێکی زۆر بووە هۆی کەوتنەوەی لافاو لە مالانگ و شاری باتو، ماڵەکانی ناوچەکەی بە قوڕ و خاشاک داپۆشیوە، هاوکات لافاوەکە پردەکانی ناوچەکەشی ڕووخاندووە.

شەش کەس لەژێر پاشەڕۆ و پارچە تەڵەزمەکاندا بەزیندوویی دەرهێندراونەتە دەرەوە، تیمەکانی فریاکەوتنیش شەش لاشەی مردوویان لە باتو و دوو لاشەی دیکەی قوربانیەکانیان لە مالانگ دۆزییەوە.

دەزگای کەمکردنەوەی مەترسییەکانی کارەساتە سروشتیەکانی ئیندۆنیسیا وتی ڕۆژی هەینی تیمەکان لە هەوڵی دۆزینەوەی ئەو کەسانەدا بوون کە بێسەروشوێن بوون.

سەرۆکی دەزگاکە عەبدول موهەری لە بەیاننامەیەکدا وتی " تاوەکو ئێستا هێشتا لە هەوڵی ئەوەداین ئەو سێ کەسە بدۆزینەوە کە بێسەروشوێن بوون."

جێی ئاماژەیە لە ماوەی وەرزی باران باریندا خزانی زەوی و لافاو لە سەرانسەری دوورگەکانی باشووری ڕۆژئاوای ئاسیادا شتێکی باوە. وەرزی باران بارین لەو ناوچانە لە مانگی 9 ەوە دەستیپێکردووە.

بەپێی شارەزایانی ژینگە، کارەساتەکان زۆرجار بەهۆی بڕینی داری دارستانەکان و لاوازی پلانەکانەوە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان ڕوودەدەن.

مانگی ڕابردوو بەهۆی باران بارینێکی زۆر و خزانی زەوییەکەوە لە سوماترا حەوت کەس گیانیان لەدەستدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG