یەکەم کەشتی هەڵگری یارمەتی خۆراکی ڕۆژی هەینی،15ی مانگی سێ گەیشتە کەناراوەکانی دەرەوەی کەرتی غەززە، ئەمەش لە کاتێکدا هیواکان بۆ ئاگربەستێک بۆ ڕزگارکردنی خەڵکەکە لە مردن لە برسێتیدا ڕووبەڕووی لێدانێکی دیکە بووەوە دوای ئەوەی ئیسڕائیل پێشنیارەکەی حەماسی بۆ ئاگربەست ڕەت کردەوە.
کەشتی ئۆپن ئاڕمس کە 200 تەن خۆراکی پێیە، دەکرێت لە دوورەوە لە کەناری غەززە ببیندرێت، کەشتییەکە لە قوبرسەوە هاتووە.
ڕێکخراوی خێرخوازی چێشتخانەی ناوەندی جیهان ئامانجی ئەوەیە یارمەتییەکان لە ڕێی بەندەرێکی کاتییەوە بگەیەنێتە غەززە، بەڵام تاوەکو ئێستا وردەکارییەکان لەسەر ئەوەی چۆن یارمەتییەکان دەگەنە وشکانی باس نەکراوە.
ئەگەر ڕێڕەوە ئاوییەکە سەرکەوتوو بێت، دەکرێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی قەیرانی برسێتی لە غەززەدا، کە لەوێ سەدان هەزاران کەس ڕووبەڕووی بەدخۆراکی بوونەتەوە و نەخۆشخانەکانیش لە باکووری غەززە ئاماژەیان بەوە داوە منداڵان لە برسێتیدا دەمرن. بەڵام ڕێکخراوە مرۆییەکان چەندین جار وتوویانە پلانەکان بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان لە ڕێی دەریاوە یاخود لە ڕێی بەردانەوەیان لە ئاسمانەوە لە ئاست پێویستییەکانی غەززەدا نابن.
سەبارەت بە ئاگربەستە پێشنیارکراوەکەش، حەماس لە بەرامبەر ئەو پێشنیارەدا خۆی پێشنیاری ئاگربەستێکی کرد بۆ نێوەندگران لە جەنگەکەدا، بەڵام ئیسڕائیل ڕەتی کردەوە و وتی لە " کۆمەڵە داواکارییەکی نا واقعییەوە " سەرچاوەی گرتووە.
هاوشێوەی پێشنیارەکانی هەردوولا لە ماوەی گفتوگۆکاندا لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، لە پێشنیارەکەی حەماسدا داوا کراوە لە بەرامبەر ئازادکردنی دەیان بارمتەی ئیسڕائیلیدا، سەدان زیندانی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسڕائیلدا ئازاد بکرێن.
هەروەها داواش دەکات لە قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکەدا گفتوگۆ بکرێت بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە. ئیسڕائیل ئاماژەی بەوە داوە تەنها گفتوگۆ لەسەر ئاگربەستی کاتی دەکات لە شەڕەکەدا و گفتوگۆ ناکات لەسەر کۆتایی هێنان بە جەنگەکە تاوەکو ئەو کاتەی حەماس لە ناودەبرێت.
بەرپرسی باڵای حەماس سامی ئەبو زوهری بە ڕۆیتەرزی وت ڕەتکردنەوەی پێشنیارەکەی حەماس ئەوە دەردەخات کە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو " سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە دوژمنکارییەکان دژی گەلەکەمان، هەروەها دەریدەخات کە دەیەوێت هەموو ئەو هەوڵانە بخاتە مەترسییەوە کە دەدرێن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست." وتی ئەوە بەند بوو بە واشنتنەوە تاوەکو ئیسڕائیلی هاوپەیمانی ڕازی بکات بە ئاگربەست ڕازی ببێت.
ئەمەریکا و قەتەڕ و میسڕ کە نێوەندگری دەکەن لە جەنگەکەدا، هیوایان دەخواست پێش مانگی ڕەمەزانی پیرۆز ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەستێک بکرێت، بەڵام ئەوە ڕووی نەدا. سەرۆکی میسڕ عەبدلفەتاح سیسی کە لەم مانگەدا وڵاتەکەی میوانداری گفتوگۆ سەرەکییەکانی کرد، وتی هێشتا کاردەکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت سەرجەم 2.3 ملیۆن دانیشتووەکەی غەززە ڕووبەڕووی قەیرانی خۆراک بوونەتەوە و چارەکێکییان لەسەر لێواری مردنن لە برسێتیدا، بە تایبەتی لە باکووری غەززە.
لەلایەکی دیکەوە ناکۆکی کەوتووەتە نێوان واشنتن و ئیسڕائیلی هاوپەیمانی نزیکییەوە سەبارەت بە چۆنێتی بەڕێوەچوونی جەنگەکە، بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەڵێن لە جەنگەکەدا هیچ گرنگییەک نەدراوە بە هاووڵاتییانی سڤیلی فەلەستینی.
ڕابەری زۆرینە دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا چەک شومەر کە جووە و ڕابەری پارتی دیموکراتەکانی بایدنە، ڕۆژی پێنجشەممە داوای لە ئیسڕائیلییەکان کرد هەڵبژاردن بکەن و نەتانیاهو دووربخەنەوە.
وتی نەتانیاهو بەربەستە لەبەردەم ئاشتیدا و پێگەی ئیسڕائیل لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تێکدەدات. وتی " ئیسڕائیل ڕزگاری نابێت ئەگەر قێزەون ببێت."
پارتی لیکودی نەتانیاهو دەڵێت ڕای گشتی پشتیوانی لە سیاسەتەکانی نەتانیاهو کردووە. وتی " سیناتۆر شومەر پێشبینی لێدەکرێت ڕێز لە حکومەتە هەڵبژێردراوەکەی ئیسڕائیل بگرێت و بە کەمی نەزانێت. ئەمە هەمیشە ڕاستە، تەنانەت لە کاتی جەنگدا زیاتر ڕاستە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز