بەرپرسی شانەی قەیرانەکان لە تارانی پایتەختی ئێران وتی ڕۆژی چوارشەممە ئاگرێکی گەورە لە پاڵاوگەیەکی نەوت لە باشووری تاران کەوتەوە، هۆکاری ئاگرەکەش دزەکردنی گاز بووە و دواتر تەقینەوەیەک ڕوویداوە.
بەرپرسی شانەی قەیرانەکان لە تاران مەنسور دەرجاتی وتی " ڕووداوەکە بەهۆی دزەکردنی گازەوە بووە لە یەکێک لە بۆرییەکانەوە، تەقینەوەیەک ڕوویداوە و ئەوەش بۆتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرەکە."
دەرجاتی وتی " خۆشبەختانە تاوەکو ئێستا ئاگرەکە قوربانی لێنەکەوتۆتەوە."
بەپێی دەزگای هەواڵی فەڕمی ئێران " ئێرنا " پاڵاوگەکە لە ساڵی 1968 ەوە کاردەکات و سەر بە کۆمپانیای تارانە بۆ نەوت و توانای پاڵاوگەکە ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس