Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: کوژرانی لانی کەم 8 کەس لە ئاگرکەوتنەوەیەکدا لە ناوەندێکی کۆچبەران لە یەمەن


دەزگای کۆچی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی لە ناوەندێکی کۆچبەران لە سەنعای پایتەختی یەمەن ئاگرێک کەوتۆتەوە و لە ئەنجامدا لانی کەم هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژەشی بەوەدا لەنێو قوربانییەکاندا پاسەوانانی ناوەندەکەشیان تێدابووە، هەروەها 170 کەسی دیکە برینداربوون.

بەڕێوبەری دەزگای کۆچ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کارمێلا جودو لە تویتەر نوسیویەتی کۆی ژمارەی ئەوانەی بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەوە گیانیان لەدەستداوە پێدەچێت زیاتر بێت. هێشتا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نەزانراوە.

هەروەها هێشتا ڕوون نیە چەند کەس لە ناوەندەکەدا گیریانخواردووە.

جودو وتی تیمەکانی تەندروستی دەزگاکە چارەسەری بریندارەکان دەکەن، 90 بریندارییان لە بارودۆخێکی مەترسیداردان، هەروەها خواردن دەدرێت بەو کەسانەش کە زیانیان بەرکەوتووە.

جێی ئاماژەیە ساڵانە نزیکەی 100 هەزار کۆچبەر لەڕێی دەریاوە لە ئەفریقاوە دەگەنە یەمەن، ئەمەش بەهیوای ئەوەی بەرەو سعودیە و وڵاتانی باکووری یەمەن بڕۆن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG