Accessibility links

لە ئاگرکەوتنەوەیەکدا لە نەخۆشخانەیەکی کۆرۆنا لە باشووری عێراق 44 کەس گیانیان لەدەستدا


بەرپرسانی تەندروستی و پۆلیس وتیان لە ئاگرکەوتنەوەیەکدا لە نەخۆشخانەیەکی چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری ناسڕییەی باشووری وڵاتەکە لانی کەم 44 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 67 کەسی دیکە برینداربوون

پەیامنێرانی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکەوە وتیان کارمەندانی تەندروستی لاشە سوتاوەکانیان لە نەخۆشخانەکە هێناوەتە دەرەوە.

دەزگای هەواڵی فەڕمی عێراق لە زاری بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیەوە بڵاویکردەوە دوای کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەی نەخۆشخانەی حسێن، تیمەکانی فریاکەوتن بەردەوام بوون لە گەڕان بەدوای لاشەکاندا.

یەکێک لە کارمەندەکانی تەندروستی بەرلەوەی بچێتە بیناکەوە بە ڕۆیتەرزی وت ئاگرەکە گەمارۆی زۆرێک لە نەخۆشەکانی بەشی چارەسەری کۆرۆنای داوە و تیمەکانی فریاکەوتن کۆشش دەکەن بگەنە لایان.

پۆلیسێکیش لە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە وتی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکانی پۆلیس ئاماژە بەوە دەدەن هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە تەقینەوەی خەزانێکی ئۆکسجین بووە لەناو بەشی نەخۆشەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا.

سەرچاوەکانی کەرتی تەندروستی وتیان پێدەچێت ژمارەی گیان لەدەستدانەکان زیاتر ببێت چونکە زۆرێکیان هێشتا بێسەروشوێنن، هەروەها وتیشیان دوو کارمەندی تەندروستی لەنێو ئەوانەدان کە گیانیان لەدەستداوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG