Accessibility links

شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان بەردەوامە


ڕۆژی چوارشەممە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا بەردەوام بوون لە کاتێکدا کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژییەکان چڕتر بوونەتەوە، تاوەکو ئێستا بەهۆی شەڕەکەوە نزیکەی 100 سەرباز کوژراون.

وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا ئازەربایجانی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی تەقەکردن بە تۆپهاوێژ و هاوەن و چەکی بچووک دژی هێزەکانی ئەرمینیا. ئازەربایجان لە ڕووی سیاسیی و سەربازیشەوە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی لێدەکرێت.

وەزارەتەکە گوتی " بارودۆخی سنووری نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان بە گرژی ماوەتەوە."

ڕۆژی سێشەممە بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە لانیکەم 49 سەربازی ئەرمینیا و 50 سەربازی ئازەربایجان کوژران، ئەمەش وایکرد سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن داوای ئارامی لەو دوو وڵاتە بکات. هەردوو وڵات یەکترییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی دەستپێشخەریکردن لە شەڕەکەدا.

جێی ئاماژەیە ڕووسیا پشتیوانی لە ئەرمینیا دەکات و هەزاران هێزی ئاشتی پارێزی ڕەوانەی سنوورەکە کردووە و بنکەیەکی سەربازییشی لە ئەرمینیا هەیە.

ترس و نیگەرانییەکان لە هەڵگیرسانی جەنگێکی دیکە لە ناوچەکەدا زیادییان کردووە، ململانێی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان مەترسی ڕاکێشانی ڕووسیا و تورکیای بۆ ناو جەنگەکە لێدەکەوێتەوە، هەروەها ڕێڕەوێکی گرنگی بۆرییەکی گواستنەوەی نەوت و گاز تێک دەدات.

وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان گوتی " شوێنەکانمان لە ئێستادا ماوە بە ماوە تەقەیان لێدەکرێت. یەکەکانمان ڕێوشوێنی پێویستی وەڵامدانەوە دەگرنەبەر."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG