زیادبوونی متمانە لەلای لایەنگرانی ڕێکخراوی تێرۆریستی داعش، کە ڕەنگدانەوەی هەبووە لە هەڕەشەکانیاندا دژی ئەوروپا لە ڕێی ئۆنلاینەوە و هێرشە کوشندەکەی بۆ سەر هۆڵێکی کۆنسێرت لە ڕووسیا، هۆکارێکن بۆ نیگەرانی بەرپرسانی ئاسایشی ئەمەریکا.
بەرپرسانی ئاسایشی نیشتمانی و پۆلیس دەمێکەیە نیگەرانن سەبارەت بە گروپە بچووکەکان یاخود ئەو کەسانەی کە لە ڕێی پلانگێڕییە تێرۆریستییەکانەوە لە سەرانسەری جیهاندا هاندەدرێن بۆ ئەنجامدانی هێرش لە ناو ئەمەریکادا. بەڵام بەڕێوبەری دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمەریکا ( FBI ) کریستۆفەر ڕەی ڕۆژی پێنجشەممە بە یاسادانەرانی وت ڕەنگە شتێکی زۆر نیگەرانتر لە ئارادا بێت.
ڕەی بە یاسادانەرانی وت " ئەوەی ئێستا زۆر جێی نیگەرانییە ئەگەری ڕوودانی هێرشێکی هەماهەنگە لێرە لەسەر خاکی وڵاتەکەمان، هاوشێوەی هێرشەکەی دوو هەفتە لەمەوبەری داعشی خۆراسان کە لە هۆڵی کۆنسێرتەکەی ڕووسیادا بینیمان."
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیس لە سەرانسەری ئەوروپا ئاسایشی خۆیان پتەوتر کرد، ئەوەش دوای ئەوەی میدیاکانی سەر بە ڕێکخراوی داعش داوایان لە لایەنگرانی گروپەکەیان کرد هێرش بکەنە سەر ئەو یاریگایانەی تۆپی پێ کە میوانداری یارییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەکەن، لە مەدرید و لەندەن و پاریس.
هۆشدارییەکەی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئاماژەیە لەسەر گۆڕانێک لە بیرکردنەوەی ئەمەریکادا سەبارەت بە ئەگەری گەیشتنی دەستی داعش و لقەکانی لە ئەفغانستان بە وڵاتەکە، داعشی خۆراسان کە لقێکی داعشە لە ئەفغانستان بەرپرسیارێتی هێرشەکەی 22 ی مانگی سێی سەر هۆڵی کۆنسێرتەکەی مۆسکۆی ڕاگەیاند کە بووە هۆی کوژرانی 145 کەس.
دوابەدوای ئەو هێرشە، وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا وتی هیچ زانیارییەکی هەواڵگرییتایبەت یان پشتڕاستکراوی نییە کە ئاماژە بۆ ئەوە بکات داعش توانای هەبێت ببێتە هەڕەشە لە ناو ئەمەریکا.
چەندین بەرپرسی هەواڵگریی و سەربازیی ئەمەریکا وتوویانە لە کاتێکدا کە داعش بە پەرۆشەوەیە بۆ ئەنجامدانی هێرش، بەڵام هیچ ئاماژەیەک نین لەسەر ئەوەی داعش یاخود لقەکانی لە جیهاندا توانای ئەوەیان هەبێت دەستییان بگات بە خاکی ئەمەریکا.
بەڕێوبەری ناوەندی دژە تێرۆری نیشتمانی ئەمەریکا کریستین ئابیزەید وتی داعش " لە چەندین ڕووەوە کۆشش دەکات بۆ بەدەستهێنانی توانایەک گەورە کە بتوانێت لە دژی ئەمەریکا بەکاریبهێنێت."
هۆشدارییەکانی دیکەی سەنگییان خستووەتە سەر ئامانجە ئەمەریکاییەکان لە دەرەوەی ئەمەریکادا.
جەنەڕاڵ مایکڵ ئێریک کوڕیلای فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیا مانگی ڕابردوو بە کۆمیتەیەکی ئەنجومەنی سیناتی وت " داعشی خۆراسان توانا و ئارەزووی هەیە لە ماوەی کەمتر لە شەش مانگدا و بەبێ ئاگادارکردنەوەیەکی زۆر هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا لە دەرەوە."
بۆ ئێستا، وەزارەتی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا داوا لە ئەمەریکاییەکان دەکات وریا بن.
وتەبێژێکی وەزارەتی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە لە وەڵامێکدا سەبارەت بە مەترسییەکانی داعش لەسەر چەندین شوێنی ئەوروپایی بە دەنگی ئەمەریکای وت " ئەمەریکا هێشتا بەردەوام لە ژینگەیەکدایە کە مەترسیی لەسەرە."
وتی " وەزارەتی ئاسایشی نیشتیمانی بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانماندا بۆ هەڵسەنگاندنی ژینگەی مەترسییەکان، دابینکردنی زانیاریی نوێ بە هاووڵاتییانی ئەمەریکایی و پاراستنی خاکەکەمان. داوا لە خەڵکەکە دەکەین بە وریاییەوە بمێننەوە و دەستبەجێ هەواڵ لەسەر چالاکییە گوماناوییەکان بە پۆلیس بدەن ."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا