شارەزایانی کەش و هەوا و کەشتیوانان دەڵێن بەسترانەوەی کەشتییەکی گرانبەهای تێکشکاو لە دەرەوەی کەناری سیسیلی نوێترین نیشانەیە لەسەر ئەوەی دەریای ناوەند تا دێت مەترسیدارتر دەبێت بۆ گەشتکردن پێیدا.
کەشتی بەییشیان کە درێژییەکەی 56 مەترە ڕۆژی دووشەممە زریانێک لێیدا و لە ماوەی چەند خولەکێکدا نقوومبوو، بەهۆی نقوومبوونی کەشتییەکەوە پیاوێک گیانی لە دەستدا و شەش کەسی دیکە هێشتا بێسەروشوێنن، بە مایک لینچی بەڕیتانیایی خاوەنکاری تەکنەلۆجیاشەوە.
زانایانی کەش و هەوا دەڵێن گەرمبوونی جیهان وایکردووە ئەو زریانە توندە پێشبینی نەکراوانە زیاتر دەریای ناوەنددا ڕووبدەن کە وەکو گۆڕەپانێکی یاری هاوینە بۆ ملیۆنان گەشتیار بەکاردەهێندرێت، لەوانەش چەند کەسێکی دەوڵەمەند کە بە یەختی گرانبەهاوە بەسەریدا گەشت دەکەن.
سەرۆکی کۆمەڵگەی کەشناسی ئیتاڵیا لوکا مێرچالی دەڵێت پلەی گەرمای ڕووکەشی دەریاکە لە دەوروبەری سیسیلیدا لە چەند ڕۆژی پێش نقوومبوونی کەشتییەکەدا نزیکەی 30 پلەی سیلیزی بووە، ئەوەش نزیکەی سێ پلە زیاتر لە پلەی ئاسایی.
مێرچاڵی بە ڕۆیتەرزی وت " ئەمە سەرچاوەیەکی زۆر گەورەی وزە دروست دەکات و توندی ئەم زریانانە زیاتر دەکات."
گۆڕانکارییەکان لە دەریای ناوەنددا لەلایەن کەشتیوانەکانی وەکو ماسیمۆ ئاراموشەوە هەستی پێکراوە، کە بەڕێوبەرایەتی قوتابخانەی گەشتی دەریایی دەکات لە کەناری دەریای نزیک ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا.
ئارامو کە ئێستا بە دەوری یۆناندا گەشت دەکات، وتی حەز ناکات بە کەناری تیرینیانی دەوروبەری سیسیلی یاخود دوورگەکانی بالیاریکی ئیسپانیادا گەشت بکات چونکە لەو شوێنانە " لە ناکاو دۆخی هەستیار دروست دەبن."
هەفتەی ڕابردوو زریانێکی هاوشێوەی ئەو زریانەی کە کەشتی بەیشیانی نقوومکرد لە دوورگەکانی بالیاریکسی ئیسپانیایدا، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی چەندین یەخت بشۆرێنەوە سەر وشکانی.
جولیانۆ گالۆی کە پێشتر کەشتیوان بووە و بە دەریای ئەتڵەسیدا تێپەڕیوە و چەندین کتێبی لەسەر گەشتی دەریایی نوسیوە، وتی دەریای ناوەند خەریکە وەکو دەریای کاریبیانی لێدێت، کە ناوچەی تێدایە زۆرێک لە بەلەمەکان لە چەند کاتێکی دیاریکراوی ساڵەکەدا خۆیانی لێ بە دووردەگرن.
وتی " بەڵام شتەکان کەمتر پێشبینیکراون لە دەریای ناوەنددا."
نیشانەیەکی دیکەی کەش و هەوا ناڕێکەکەی دەریای ناوەند ساڵێک لەمەوبەر بیندرا کاتێک هەزاران کەس لە لافاوەکانی لیبیادا گیانییان لە دەستدا، لافاوەکە بەهۆی زریانێکی دەریای ناوەندەوە دروست بوو کە بە گەرمبوونی ئاوەکە خراپتر بوو.
کارستین بۆرنەری کاپتنی کەشتییەک کە لە تەنیشت بەیشیانەوە بەسترابۆوە بەڵام ڕزگاریبوو، وتی زریانەکەی ڕۆژی دووشەممە " زۆر توند و چڕ بووە." وتیشی گەرمای توند لە مانگەکانی هاویندا ڕۆڵییان هەیە لە دروستکردنی ئەو جۆرە زریانانەدا.
وتی " ئاوەکە زۆر زۆر گەرمە بۆ دەریای ناوەند و ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی زریانی بەهێز، وەکو ئەوەی کە هەفتەیەک لەمەوبەر بینیمان لە بالیاریکس، وەکو ئەوەی دوو ساڵ لەمەوبەر لە کۆرسیکا بینیمان و تا دوایی."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز