Accessibility links

 
ئەبوزەبی میوانداری بنکەی سەرکردایەتی هاوپەیمانێتی دەریای ئەوروپا دەکات بۆ چاودێریکردنی جموجۆڵەکان لە کەنداو

ئەبوزەبی میوانداری بنکەی سەرکردایەتی هاوپەیمانێتی دەریای ئەوروپا دەکات بۆ چاودێریکردنی جموجۆڵەکان لە کەنداو


وەزیری بەرگری فەڕەنسا فلۆرێنس پاڕلی لە ئەبو زەبی وتی پایتەختی ئیماڕات دەبێتە بنکەی سەرکردایەتی هاوپەیمانێتی دەریایی ئەوروپا بۆ چاودێریکردنی جموجۆڵە دەریاییەکان لە کەنداو و بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانێتییەکەی دیکەدا کە ئەمەریکا ڕابەرایەتی دەکات کار دەکەن.

لە مانگی پێنجەوە گرژیی کەوتۆتە ناوچەکەوە دوای ئەوەی هێرش کرایە سەر کۆمەڵێک کەشتی نەوت هەڵگر و دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە بە فڕۆکە بێ فڕۆکەوان لێدران. ئەمەریکاش لۆمەی ئێرانی کرد لەسەر ئەو هێرشانە و لەلای خۆشیەوە تاران هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.

لەم مانگەدا هێزی دەریایی ئەمەریکا هاوپەیمانێتییەکی دەریایی دەستپێکرد بۆ پاراستنی هاتوچۆی کەشتیەکان لە ئاوی کەنداودا، هەریەک لە ئیماڕات و سعودیە و بەحرەین و بەڕیتانیا و ئوستڕاڵیا و ئەلبانیا بەشدارن لە هاوپەیمانێتیەکەدا و بنکەکەیان لە مەنامە دەبێت.

واشنتن هەوڵێکی زۆریدا ئەم هاوپەیمانێتیە پێک بهێنێت بۆ پاراستنی کەشتیە بازرگانییەکان لە کەنداو، بەڵام ئەوروپییەکان پێشنیارەکەی ئەمەریکایان ڕەت کردەوە و هۆکاری ئەوەش پاراستنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران بوو کە ساڵی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کشایەوە لێی.

لە مانگی حەوتەوە ئەوروپییەکان هەوڵدەدەن هاوپەیمانێتیەکی دەریایی تایبەت بە خۆیان پێک بهێنن.

پاڕلی لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ بنکەی دەریایی " ئاشتی " فەڕەنسی لە ئەبوزەبی بەبۆنەی تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئەو بنکەیەدا وتی " ئەم بەیانییە بە فەڕمی مۆڵەتمان وەرگرت بۆ دامەزراندنی بنکەی سەرکردایەتی هاوپەیمانێتی دەریاییی ئەوروپی بەمەبەستی چاودێریکردنی جموجۆڵەکانی کەنداو و لە ئێستادا لەسەر خاکی ئیماڕات دروست دەکرێت." ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئیماڕات خۆی لە هاوپەیمانێتیەکەی سەر بە ئەمەریکادایە.

پاڕلی وتیشی" ئەرکی ئێمە دابینکردنی ئاسایش دەبێت بۆ ئازادی هاوتوچۆی دەریایی لە کەنداودا." هەروەها جەختیشی لەوە کردەوە ئەرکەکەی ئەوروپا هەرگیز لەو هاوپەیمانێتیەی ئەمەریکا جیانەکراوەتەوە و وتیشی ئەمە " بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریکییەکاندا دەبێت."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG