Accessibility links

زیاتر لە نیوەی هاوڵاتیانی یەکێتی ئەوروپا بەتەواوەتی ڤاکسینیان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەرگرتووە


سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسۆلا ڤۆن دەیر لین
سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسۆلا ڤۆن دەیر لین

یەکێتی ئەوروپا وتی 200 ملیۆن ئەوروپی بە تەواوەتی ڤاکسینیان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەرگرتووە، کە ئەوەش دەکاتە زیاتر لە نیوەی هاوڵاتیانی پێگەیشتووی یەکێتیەکە.

وتەبێژی کۆمسیۆنی ئەوروپا دەینا سپینانت بە ڕۆژنامەنووسانی وت بەگوێرەی نوێترین داتاکانی ناوەندی ئەوروپا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیەکان، لە سەدا 54.7 ی دانیشتوانی پێگەیشتووی ئەوروپا بەتەواوەتی ڤاکسینەکانیان وەرگرتووە، دوو ژەمە ڤاکسین یاخود یەک ژەمیان وەرگرتووە، ئەوانەشی یەک ژەمیان وەرگرتووە ئەو کەسانەن ڤاکسینی جۆنسن ئاند جۆنسنیان پێدراوە."

وتیشی " لە سەدا 64 ی پێگەیشتوان لە یەکێتی ئەوروپا یەک ژەمە ڤاکسینیان وەرگرتووە."

وتی " لە ئێستادا ئێمە لەو ناوچانەی جیهانین کە زۆرینەی دانیشتوانەکانیان ڤاکسینیان وەرگرتووە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئەم پێشکەوتنە زیاتر بە هاوسەنگی بێت تاوەکو هیچ شوێنێک نەمێنێت ڤایرۆسەکە بتوانێت تیایدا بڵاوببێتەوە و خۆی بگۆڕێت."

بەهۆی کەمی ڤاکسینەکانەوە، هەڵمەتی کوتان لە یەکێتی ئەوروپا لەچاو بەڕیتانیا و ئەمەریکادا بە خاوی دەستیپێکرد و لەسەر ئەوەش ڕەخنەی توندییان ئاڕاستەکرا.

لە 10 ی مانگی حەوتدا سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسۆلا ڤۆن دەیر لین ڕایگەیاند یەکێتی ئەوروپا ڤاکسینی تەواوی هەیە تاوەکو لەم مانگەدا بەشی " لانی کەم لە سەدا 70 ی دانیشتوانی پێگەیشتوو بکات."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG