Accessibility links

تۆسک: هێزی دوژمن هەوڵدەدات کار بکاتە سەر هەڵبژاردنەکانی یەکێتی ئەوروپا


سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا دانۆڵد تۆسک

سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا دانۆڵد تۆسک وتی " دوژمنانی ئەوروپا " هەوڵدەدەن دەستوەربدەنە هەڵبژاردنەکانی کیشوەرەکەوە دوای ئەوەی کاریان کردە سەر گشتپرسی جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا لە ناو بەڕیتانیادا.

تۆسک لە بڕۆکسل بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هێزێکی دەرەکی دوژمنی یەکێتی ئەوروپا هەیە بەشێوەیەکی ئاشکرا و نهێنی هەوڵدەدات کاربکاتە سەر بژاردە دیموکراسییەکانی ئەوروپییەکان، وەکو چۆن کاریان کردە سەر گشتپرسیەکەی جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتیەکە و زۆرێک لە هەڵبژاردنەکانی دیکەی سەرتاسەری جیهان."

وتیشی " لەوانەیە ئەوە دووبارە ببێتەوە لە هەڵبژاردنەکانی ئەوروپادا لە مانگی پێنج. لەبەر ئەوە داوا لە هەموو ئەوانە دەکەم کە یەکێتی ئەوروپایان بەلاوە گرنگە لە نزیکەوە هاریکار بن لە ماوەی هەڵبژاردنەکانی ئەوروپا و دواتریشدا."

وتیشی " نابێت ڕێگە بدرێت بەو حیزبە سیاسییانەی کە هێزێکی دەرەکی پشتیوانیان لێدەکات بڕیار بدەن لەسەر ئەرکە سەرەکییەکانی یەکێتی ئەوروپا و سەرکردایەتی نوێ بۆ دامەزراوە ئەوروپییەکان هەڵببژێرن."

تۆسک ئاگادارکردنەوەکانی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆنی دووبارە کردەوە سەبارەت بە دەستوەردانی دەرەکی و پشتیوانی لە داواکەی کرد لەپێناو هەستانەوەی ئەوروپادا.

تۆسک وتی " نابێت چاوەڕێی هەستانەوەی ئەوروپا بکەین، دەبێت هەر ئێستا ئەوروپا هەستێتەوە."

ئەندامانی نوێی پەرلەمانی ئەوروپا کە ژمارەیان دەگاتە 705 ئەندام و لە هەڵبژاردنەکانی 23 بۆ 26 ی مانگی پێنجدا هەڵدەبژێردرێن، بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو بەشدار دەبن لە داڕشتنی یاسا نوێێەکانی یەکێتی ئەوروپادا و جێگرەوەی ژان کلود یۆنکەری سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپاش دیاریدەکەن، کە باڵی جێبەجێکاری یەکێتیەکەیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG