Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا تورکیا دەخاتە ژێر چاودێرییەوە


وەزیری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ
وەزیری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ

وابڕیارە یەکێتی ئەوروپا تاوەکو مانگی شەش تورکیا بخاتە ژێر چاودێرییەوە، ئەمەش دوای ئەوەی یەکێتیەکە نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لەسەر خراپبوونی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان لە تورکیادا.

دوای ساڵێک لە گرژی، ئەوروپییەکان دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیادا ئاسایی بکەنەوە، بەڵام وەکو سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا شاڕل میشال وتی دەیانەوێت " قۆناغ بە قۆناغ و بە مەرج پەیوەندییەکان ئاسایی بکەنەوە."

بەهۆی شەپۆلێکی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، یەکێتی ئەوروپا کۆبوونەوەکەی لەڕێی ڤیدیۆوە دەبێت و لە ڕۆژی پێنجشەممە و هەینیدا بەڕێوەدەچێت.

دیبلۆماتکارێکی ئەوروپی ڕوونیکردەوە بڕیارەکان سەبارەت بە تورکیا تاوەکو مانگی شەش دواخراون، وتیشی ڕۆژی دووەمی کۆبوونەوەکان کە هەینی دەبێت کۆبوونەوەکە کورت دەبێت.

سەرۆکی ئەمەریکاش جۆو بایدن دەتوانێت بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا بکات تاوەکو پەیامێکی هاوبەش لەسەر سەرۆکی تورکیا بگەیەنێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لەمیانەی کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ وتی " ڕوون و ئاشکرایە لای هەمووان کە ئێمە ناکۆکیمان لەگەڵ تورکیادا هەیە."

بەڵام ئەوروپیەکان و ئەمەریکا نایانەوێت تەواوی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیادا ببڕن، بلینکن ئاماژەی بەوەدا " تورکیا هاوپەیمانێکی کۆنە و بەرژەوەندییەکی زۆرمان هەیە لە هێشتنەوەی تورکیا لە نێو هاوپەیمانێتی ناتۆدا."

لەلای خۆیەوە سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا ماریۆ دراگی جەختی لەوە کردەوە " پێویستە خۆمان بەدووربگرین لەو دەستپێشخەرییانەی کە دەبنە هۆی دابەشبوون و هەروەها پێویستە ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگیردرێت."

هەروەها بڕیارەکەی سەرۆکی تورکیای بۆ کشانەوە لە ڕێکەوتنەکەی ئیستەنبوڵ کە تایبەت بوو بە ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی ژنان لە دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شارڵ میشال و سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ڤۆن دەیر لیندا وەکو " زلەیەک " ناودێرکرد.

وەزیری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ هۆشیاریدا لە بڕیارەکانی ئەمدواییانەی بەرپرسانی تورکیا و وتی " ترسەکانی یەکێتی ئەوروپای زیاتر کردووە لەسەر پاشەکشەکردنی مافە سەرەکییەکان و گومانکردن لە ڕاستگۆیی ئەو وڵاتە لە پابەندبوونیان بە چاکسازییەوە."

دیبلۆماتکارە ئەوروپییەکان متمانە بە سەرۆکی تورکیا ناکەن چونکە بەپێی ئەوان ئەردۆگان ڕێز لە بەرپرسیارێتیەکانی ناگرێت.

دیبلۆماتکارێکی ئەوروپی بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " تێبینی ئەوە دەکەین لە سەرەتای ئەم ساڵەوە هیچ ئاماژەیەکی نەرێنی لە تورکیاوە نیە، بەڵام کەس ئەوەندە ساویلکە نیە چونکە زۆرێک هۆکاری ئەم ڕەفتارەی تورکیا دەگەڕێننەوە بۆ چەند هۆکارێک، لەوانەش : گۆڕانی سەرۆکی ئەمەریکا و خراپبوونی ئابووری تورکیا و ئاکامەکانی ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر تورکیادا لەلایەن ئەوروپاوە."

دیبلۆماتکارێکی دیکە وتی " لە مانگەکانی داهاتوودا چاودێرییەکی چڕ دەبێت تاوەکو لە مانگی شەشدا بڕیار بدەین لەسەر ئەوەی کە ئایا ئەو مەرجانەی ئێمە دەمانەوێت بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیادا بوونیان هەیە یاخود نا."

وتی " ئەگەر بوونیان نەبوو، ئەوا یەکێتی ئەوروپا دەتوانێت بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی بکات، ئەو شتانەی پێویستمانە ئامادەیە."

لە ڕاپۆرتەکەی وەزیری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپادا باس لە کۆمەڵێک بژاردە کراوە، یەکێک لەوانە سەپاندنی سزایە بەسەر کەرتی گەشتیاری تورکیادا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG