بەپێی ڕەشنووسی بەڵگەنامەیەک، یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی چوارشەممە سزای سەر بانکەکانی ڕووسیا کەم دەکاتەوە، ئەوەش لەڕێی گەڕاندنەوەی هەندێک لە پارەی بانکە باڵاکانی ڕووسیا کە ڕەنگە پێویست بن بۆ کەمکردنەوەی کێشەکانی بازرگانی جیهانی خۆراک و پەینەکان.
ئەم هەنگاوەی یەکێتی ئەوروپا لەکاتێکدا دێت ڕابەرانی وڵاتانی ئەفریقا ڕەخنە دەگرن لەسەر کاریگەریی نەرێنی سزاکان لەسەر بازرگانی، کە ڕەنگە بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا و گەمارۆدانی گەنمەکەی ئۆکرانیا لە دەریای ڕەش قەیرانی بازرگانی خراپتر بووبێت.
بەڵگەنامەکە دەڵێت بەپێی گۆڕینی یاساکان کە پێشبینی دەکرێت باڵیۆزەکانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەکەیاندا پەسەندی بکەن، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەتوانن هەندێک لە سەرمایە سڕکراوەکانی بانکە باڵاکانی ڕووسیای وەکو ڤی تی ڤی و سۆڤکۆمبانک و نۆڤیکۆمبانک و ئۆتکریتی ئێف سی بانک و ڤی ئی بی و پرۆمسڤیازبانک و بانکی ڕووسیا بگەڕێننەوە.
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی یەکێتی ئەوروپا وتی بەپێی سزا نوێیەکانی دژ بە ڕووسیا کە ڕۆژی چوارشەممە پەسەند دەکرێن، سەرمایەکانی سبیربانکی گەورەترین بانکی ڕووسیاش سڕ دەکرێن، بەڵام ئەو سەرمایانە ناگرێتەوە کە پێویستن بۆ بازرگانی خۆراک.
لە ڕەشنووسی بەڵگەنامەکەدا هاتووە دەڵێت دەکرێت ئەم پارەیە ئازاد بکرێت " دوای ئەوەی دیاریدەکرێت کە ئەم سەرچاوەی ئابوورییە یاخود ئەم پارەیە پێویستە بۆ کڕین و هاوردەکردن و گواستنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی و بەرهەمە خۆراکییەکان، بە گەنم و پەیینیشەوە."
بەرپرسەکە وتی بەپێی سزا دەستکاریکراوەکان، یەکێتی ئەوروپا کارئاسانیش دەکات بۆ هەناردەکردنی خۆراک لە بەندەرەکانی ڕووسیاوە، لەکاتێکدا کە بازرگانەکان بەهۆی سزاکانی یەکێتی ئەوروپاوە بۆ سەر ڕووسیا مامەڵە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ڕووسیادا ڕاگرتووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز