Accessibility links

نوێنەری یەکێتی ئەوروپا لە سوریا دەڵێت یەکێتییەکە کەمتەرخەمی نەکردووە لە فریاگوزارییەکان بۆ سوریا


نوێنەری یەکێتی ئەوروپا بۆ سوریا دەڵێت نادادییە نیە یەکێتییەکە تۆمەتبار بکەیت بە تۆمەتی ئەوەی یارمەتی تەواوی هاوڵاتیانی سوریای نەداوە لە دوای بومەلەرزەکە کە بەشێکی فراوانی تورکیا و سوریای وێرانکرد.

نوێنەری یەکێتی ئەوروپا لە سوریا دان ستۆینیسکو وتی یەکێتییەکە و وڵاتانی ئەندامی زیاتر لە 50 ملیۆن یۆرۆیان کۆکردۆتەوە بۆ دابینکردنی فریاگوزاری و ئەرکەکانی فریاکەوتن و فریاگوزاری سەرەتایی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت و ئەو ناوچانەشی کە لە دەستی ئۆپۆزسیۆندان.

ستۆینیسکو وتی " بە دڵنیاییەوە نادادییە تۆمەتبار بکرێیت بەوەی یارمەتی تەواوت نەداوە، لە کاتێکدا لە ڕاستیدا بەردەوام زیاتر لە 10 ساڵە ئەو کارە دەکەین و لە ماوەی بومەلەرزەکەشدا کاری زۆر زیاترمان کردووە."

بەهۆی بومەلەرزە وێرانکەرەکەوە زیاتر لە 3,500 کەس لە سوریا گیانیان لە دەستدا، کە پێشتر بەهۆی شەڕە 12 ساڵەییەکەی ناو ئەو وڵاتەوە سەدان هەزاران کەس گیانیان لە دەستدا وملیۆنان هاوڵاتی دیکە ئاوارەی ناوخۆی سوریا دەرەوەشی بوون.

حکومەتی سوریا کە لە ژێر سزاکانی ڕۆژئاوادایە، داوای یارمەتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، هاوکات دەڵێت هەموو ئەو یارمەتییانەی کە ڕەوانەی سوریا دەکرێن دەبێت بە هەماهەنگی بێت لەگەڵ حکومەتی دیمەشقدا و لە ناوخۆی سوریاوە بگەیەندرێن، نەک لە سنووری تورکیاوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن.

هەندێک لە چاودێران دیمەشقییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەوەی یارمەتییەکان ئاڕاستەی ئەو ناوچانە دەکات کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدان.

لە یەکەم فریاگوزاری بومەلەرزەکەدا بۆ سوریا، ڕۆژی شەممە بارێکی 30 تەنی یارمەتی مرۆیی بە چوار ئوتومبێلی فریاکەوتنی خێرا و 13 پالێتی پێداویستی تەندروستییەوە لە بەیروت نیشتەوە و لە ڕێگایدا بوو بۆ دیمەشق.

ستۆینیسکو وتی یەکێتی ئەوروپا هانی وڵاتانی ئەندام دەدات یارمەتی دابین بکەن و " سزاکان بەربەست نەبن لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکاندا."

وتیشی یەکێتی ئەوروپا هەوڵی ئەوە دەدات دڵنیا ببێتەوە لەوەی ئەو یارمەتییەی دابینی دەکات بگاتە دەستی ئەو هاوڵاتییانەی کە پێویستییانە، وتیشی حکومەتی سوریا " تۆمارێکی هەیە لە گۆڕینی ڕێگەی یارمەتییەکاندا."

وتی " داوا لە بەرپرسانی دیمەشق دەکەین گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بە سیاسیی نەکەن، هەروەها نیازییان پاک بێت لەگەڵ هەموو هاوبەشە مرۆییەکان و دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ یارمەتیدانی خەڵکەکە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG