کۆمسیاری پیشەسازی یەکێتی ئەوروپا تێری بریتۆن وتی ڕابەرانی یەکێتیەکە بەنیازن سزاکانی سەر بێلاڕوس توندتر بکەنەوە.
بریتۆن بە ئیوروپ ڕادیۆ 1 ی وت " ئەوە ئاشکرایە کە خەڵکەکەی بێلاڕوس بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بێلاڕوس ڕازی نین، توندوتیژییەکی زۆر هەبووە کە جێی قبوڵکردن نیە و سەروەری یاساش ڕێزی لێنەگیردراوە. سزاکان سەپێندراون و بە بێ هیچ گومانێک ئەم دوانیوەڕۆیە سزاکان توندتر دەکرێنەوە."
ئەوەشی خستەڕوو گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕوسیا حسابی بۆ دەکرێت بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان بێلاڕوس و ڕوسیا.
وتیشی " بێلاڕوس ئەوروپا نیە، لەسەر سنووری ئەوروپایە، لەنێوان ئەوروپا و ڕوسیادایە، هەروەها بارودۆخەکە بەراورد ناکرێت لەگەڵ ئۆکرانیا و جۆرجیادا، بێلاڕوس پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ ڕوسیادا هەیە و زۆرینەی خەڵکەکەشی دەیانەوێت لە ڕوسیاوە نزیک بن."
سەرچاوە/ ڕۆیتەر