Accessibility links

ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپا هەوڵ دەدەن کۆسپەکانی بەردەم قەدەغەکردنی نەوتی ڕووسیا لاببەن


لە ماوەی ڕابردوودا یەکێتی ئەوروپا شکستی هێنا لە پەسەندکردنی پێشنیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیادا، لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی دووشەممەشدا لە بڕۆکسل بە هەمان شێوە نەیانتوانی ناکۆکییەکانی ناو یەکێتیەکە سەبارەت بەو بابەتە چارەسەر بکەن، ڕۆژی سێشەممەش کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن.

هەنگاریا یەکێکە لەو وڵاتانەی یەکێتی ئەوروپا کە دژایەتی قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا دەکات و دەڵێت ئەگەر جێبەجێ بکرێت ئەوا ئابووری وڵاتەکە دەناڵێنێت، سلۆڤاکیا و کۆماری چیکیش نیگەرانی هاوشێوەیان هەیە.

بەهۆی ئەمەشەوە ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپا تاوتوێی ڕەشنووسی پێشنیارێک دەکەن کە تیایدا بۆ ماوەیەکی کاتی ڕێگە بە هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا بدرێت لە ڕێی بۆرییە نەوتەکانەوە بۆ وڵاتانی ناوەڕاستی ئەوروپا، تەنها ئەو ئەو نەوتە قەدەغە دەکرێت کە لەڕێی بارهەڵگرەکانەوە دێنە یەکێتییەکەوە. ئەگەر پێشنیارەکە بەم شێوەیە پەسەند بکرێت، ئەوا ئەمە شەشەمین جار دەبێت لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا یەکێتی ئەوروپا سزا بەسەر ڕووسیادا بسەپێنێت.

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین وتی " ئێستا سەرجەم کێشەکانمان چارەسەر کردووە و تەنها یەک کێشە ماوەتەوە، ئەوەش پرسی هاوردەکردنی نەوتی خاوە لەڕێی بۆرییە نەوتەکەوە. گفتوگۆکانیش لەسەر ئەم بابەتە بەردەوامن. هێشتا پێشبینی ئەوە ناکەم بتوانین لە 48 کاتژمێری داهاتوودا چارەسەری بکەین، بەڵام دەکرێت دوای ئەوە چارەسەر ببێت."

لەلای خۆیەوە سەرۆک وەزیری هەنگاریا ڤیکتۆر ئۆربان ڕەخنەی لە کۆمسیۆنی ئەوروپا گرت کە باڵی جێبەجێکاری یەکێتییەکەیە و وتی تاوەکو ئێستا هیچ ڕێکەوتنێک نەکراوە.

ئۆربان وتی " ئێمە ئامادەین پشتیوانی لە سزاکان بکەین، ئەگەر چارەسەرێک هەبێت بۆ ئاسایشی وزەی هەنگاریا کە تاوەکو ئێستا پێی نەگەیشتووین."

هاوشێوەی هەنگاریا، سلۆڤاکیا و کۆماری چیکیش بەشێوەیەکی بەرچاو پشتیان بە وزەی ڕووسیا بەستووە و ئەوانیش تێبینی خۆیان هەیە سەبارەت بە قەدەغەکردنی نەوتی ڕووسیا، بەڵام زیاتر ئۆربان باسی لە بابەتەکە کردووە.

تاوەکو ئێستا، یەکێتی ئەوروپا یەکگرتووییەکی سەرسوڕهێنەری دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا پیشانداوە و قورسترین سزای بەسەر مۆسکۆدا سەپاندووە.

ڤۆن دێر لین وتی " تاوەکو جەنگەکە بەردەوام بێت، مانای ئەوەیە کاری تەواومان نەکردووە، کاری زۆرمان کردووە بەڵام هێشتا بەس نین، چونکە هێشتا جەنگەکە بەردەوامە."

هەندێک لە شارەزایان بیر لەوە دەکەنەوە تاوەکو کەی 27 ئەندامەکەی یەکێتی ئەوروپا بە یەکگرتوویی دەمێننەوە، لەکاتێکدا جەنگەکەی ئۆکرانیا درێژە دەکێشێت.

ماری دومۆلینی شیکەرەوەی سیاسیی لە ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی دەرەوە وتی " ئاشکرایە کە قورسە دوای تەنها لە سێ مانگ لە دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا پێشبینی دەرەنجامەکانی جەنگەکە بکەیت، بەڵام دەتوانیت بیر لە کۆمەڵێک سیناریۆ بکەیتەوە لەسەر ئەوەی چۆن پەرە دەسەنێت، هەندێک لە سیناریۆکان ئەگەرێکی زۆرییان هەیە ئەوروپا دابەش بکەن."

وتیشی ڕەنگە یەکگرتوویی یەکێتی ئەوروپا تێک بچێت ئەگەر ڕووسیا و ئۆکرانیا لەسەر ئاگربەستێکی درێژخایەن و بێسەروبەر ڕێکبکەون، یاخود ئۆکرانیا بیەوێت ئەو ناوچانە بگرێتەوە کە لەلایەن ڕووسیاوە لە ماوەی جەنگەکەدا داگیرکراون.

پێشبینی دەکرێت سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لەڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە بەشداری کۆبوونەوەکەی ڕۆژی سێشەممەی نێوان ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپا بکات.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG