Accessibility links

زێلێنسکی لە ساڵیادی لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا پێشوازی لە سەرکردەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات


ڕابەرانی ڕۆژئاوا بە بۆنەی دووەمین ساڵیادی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا ڕۆژی شەممە گەیشتنە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا و لەلایەن ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیاوە پێشوازیان لێکرا.

جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، ئەلێکساندەر دوکرۆ، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا و ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، بە شەمەندەفەر لە پۆڵەندا گەیشتنە پایتەختی ئۆکرانیا.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە مەراسیمی پێشوازیکردن لە سەرکردەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە کیێڤ بەشداری کرد.

زێلێنسکی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە فڕۆکەخانەی هۆستۆمێلەوە بڵاوکردەوە کە لەگەڵ سەرکردە سیاسیەکاندا دەردەکەوێت و دەڵێت "دوو ساڵ لەمەوبەر، ئێمە هەر لێرە بە ئاگر وەڵامی هێزەکانی دوژمنمان دایەوە هەروەها دوو ساڵ لەمەوبەر لێرە هاوڕێ و هاوبەشەکانمان ناسی".

لە یەکەم ڕۆژی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئۆکرانیا، هێزەکانی ڕووسیا هەوڵیان دا ئەم فڕۆکەخانەیە کە دەکەوێتە دەرەوەی کیێڤ کۆنترۆڵ بکەنەوە، بەڵام لەو ئامانجەدا شکستیان هێنا.

بڕیارە سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا وەک بەرپرسی کاتی گرووپی حەوت دانیشتنێکی ڤیدیۆیی لەگەڵ سەرۆکی وڵاتانی دیکەی ئەم گرووپە ئەنجام بدات، بە ئامادەبوونی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، وەک هاوسۆزی لەگەڵ خەڵکی ئەم وڵاتە.

مەبەست لە سەردانەکەی ڕابەرانی ڕۆژئاوا بۆ کیێڤ دەرخستنی هاوسۆزی خۆیانە بۆ هێزەکانی ئۆکرانیا کە ڕووبەڕووی کەمیی بوونەتەوە لە چەک و تەقەمەنیدا.

ڤۆن دێر لین وتی "زیاد لە هەموو کات پێشتر ئێستا بە بەهێزییەوە لە ڕووی دارایی و ئابووریی و سەربازیی و ئەخلاقییەوە لە پاڵ ئۆکرانیاداین. هەتاوەکو ئەو کاتەی وڵاتەکە ئازاد دەبێت."

هاوکات لەگەڵ یادی ساڵڕۆژی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە کیێڤ، وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە فڕۆکەیەکی ڕووسی خراوەتە خوارەوە.

فڕۆکەکە بەسەر خاکی ڕووسیا لە نێوان شارەکانی ڕۆستۆڤ و کراسنۆدار کەوتە خوارەوە و گرتە ڤیدیۆییەکانی ئاگرکەوتنەوە لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە بڵاوکرانەوە. هیچ هەواڵێک لەبارەی چارەنووسی فڕۆکەوانەکە و تیمی فڕۆکەوانەکە بڵاونەکرایەوە. ئەو فڕۆکە کەوتووەتە خوارەوە لە مۆدێلێکە کە دەتوانێت 15 سەرنشینی هەبێت.

فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا لە پەیامێکدا سوپاسی هەواڵگری سەربازی وڵاتەکەی کرد کە هاوکار بوون بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە.

دوای ئەوەی کیێڤ ڕایگەیاند کە فڕۆکەیەکی سیخوڕی خستۆتە خوارەوە، ڕووسیا بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر بەندەری ئۆدێسا لە باشووری ئۆکرانیا.

دەسەڵاتدارانی خۆجێیی ئۆدێسا، کوژرانی کەسێک و برینداربوونی سێ کەسی بە قورسی لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیادا ڕاگەیاند.

شایەتحاڵەکان باسیان لەوە کردووە کە بڵێسەی ئاگر لە چەند بینایەکدا کەوتۆتەوە، ئەمەش وایکردووە چەند تیمێکی فریاگوزاری بەناو داروپەردووەکاندا بگەڕێن بۆ ئەوەی یارمەتی ڕزگاربووان بدەن.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG