Accessibility links

ڕابەرانی ئەوروپا ڕێکدەکەون لەسەر ئەوەی لەگەڵ ئەمەریکادا سزا بەسەر ڕوسیادا بسەپێنن ئەگەر ئۆکرانیا داگیربکات


ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپا ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی ئەگەر ڕوسیا ئۆکرانیا داگیر بکات ئەوا یەکێتیەکە لەگەڵ ئەمەریکا و بەڕیتانیادا سزای ئابووری دیکە دەسەپێنن بەسەر ڕوسیادا، هەرچەندە باسیان لەوەش کرد زیاتر هانی ڕێگەی دیبلۆماتی دەدەن لەگەڵ مۆسکۆدا.

وڵاتانی بەڵتیک و ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا باوەڕییان وایە یەکێتیەکە خۆشی لەژێر هەڕەشەی ڕوسیادایە لە کۆمەڵێک بەرەوە، لەکاتێکدا لیتوانیا باس لە مەترسی ئەگەری هێرشی سەربازی ڕوسیا دەکات لە بێلاڕوسەوە بۆ سەر وڵاتەکەی.

ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپا لە کۆتا بەیاننامەیاندا وتیان " هەر دوژمنکارییەکی دیکەی سەربازیی دژی ئۆکرانیا دەرەنجامی گەورە و باجێکی قورسی لێدەکەوێتەوە، لەوانەش سەپاندنی سزا بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکاندا." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەمەریکا و بەڕیتانیا.

لە ساڵی 2014 دا ڕۆژئاوا کۆمەڵێک سزای بەسەر ڕوسیادا سەپاند، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ڕوسیا نیمچە دورگەی کرێمیای ئۆکرانیای گرتەخۆی، سزاکان کەرتەکانی وزە و بانک و بەرگری ڕوسیای کردە ئامانج.

ڕابەرانی یەکێتیەکە لە بەیاننامەکەیاندا دەڵێن " یەکێتیەکە پشتیوانی لە هەوڵە دیبلۆماتیەکان دەکات بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانی مینسک." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ڕێکەوتنی ئاشتی ساڵی 2015 کە لەلایەن ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ئۆکرانیا و ڕوسیاوە واژۆ کراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG