Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا هۆشداری دەدات دژی گرتنەبەری ڕێوشوێنی تاکلایەنەی بازرگانی لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە


کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت کاری بازرگانی تاکلایەنانە لەلایەن ئەندامانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاوە جێی قبوڵکردن نیە، ئەمەش دوای ئەوەی پۆڵەندا و هەنگاریا بەمەبەستی پاراستنی کەرتی کشتوکاڵی وڵاتەکانیان بڕیاریاندا هاوردەکردنی گەنم و خۆراکی ئۆکرانی قەدەغە بکەن.

دوای ئەوەی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بووە هۆی گەمارۆدانی هەندێک لە بەندەرەکانی دەریای ڕەش، بڕێکی زۆری گەنمی ئۆکرانیا کە هەرزانترە لەو گەنمەی کە لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بەرهەم دەهێندرێت، لە وڵاتانی ناوەڕاستی ئەوروپا مایەوە و ئەوەش کێشەی بۆ جووتیارانی ناوخۆی ئەو وڵاتانە دروست کردووە لە فرۆشتنی گەنمەکانیاندا.

کاریگەرییەکانی زیادبوونی بەرچاوی هاوردەکردنی بەرهەمە خۆراکییەکانی ئۆکرانیا کێشەیەکی سیاسیی بۆ حزبی فەرمانڕەوای یاسا و دادی پۆڵەندا دروست کردووە، لە ساڵی هەڵبژاردنەکاندا کە ئابوورییەکەی لە ناو هەڵاوساندا نقومبووە.

وتەبێژی کۆمسیۆنی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئاگاداری ڕاگەیاندنەکانی پۆڵەندا و هەنگاریاین سەبارەت بە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی گەنم و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکەی ئۆکرانیا."

وتیشی " لەم چوارچێوەیەدا، گرنگە تیشک بخەینە سەر ئەوەی کە سیاسەتی بازرگانی لە توانستی تایبەتی یەکێتی ئەوروپادایە و لەبەر ئەوە کاری تاکلایەنانە جێی قبوڵکردن نیە."

ئاماژەشی بەوەدا " لەم کاتە سەختانەدا، هەماهەنگی و یەکخستنی سەرجەم بڕیارەکان لە نێو یەکێتی ئەوروپادا زۆر گرنگە."

وتەبێژی حکومەتی پۆڵەندا بە دەزگای هەواڵی پاپی پۆڵەندی وت حکومەتی وڵاتەکە لەسەر ئەم پرسە بەردەوام لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ کۆمسیۆنی ئەوروپادا، وتیشی بڕگەیەکی ئاسایشیی ڕێگەیدا پۆڵەندا قەدەغەکردنەکە ڕابگەیەنێت.

هاوکات دەزگای هەواڵی بی تی ئەی بولگاریا بڵاویکردەوە وەزیری کشتوکاڵی بولگاریا یاڤۆر گێچیڤ ئاماژەی بەوەداوە وڵاتەکەی بە هەمان شێوە بیر لە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا دەکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG