ڕۆژی یەکشەممە دەنگدەران لە سەرانسەری ئەوروپاوە دەنگ دەدەن، لە هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی ئەوروپادا کە ڕەنگە پەرلەمانەکە بەرێت بەرەو لای ڕاستڕەوەکان و ژمارەی ئەوانەی کە دژ بە زیادکردنی دەسەڵاتەکانی یەکێتی ئەوروپان لە نێو ئەندامەکانیدا زیاد بکات.
بۆ نموونە لە ئوستریا، پارتی ئازدی ڕاستڕەو ئەگەرێکی زۆری هەیە سەرکەوتن بە دەستبهێنێت، ئەمەش بەپێی ئەو ئامارانەی کە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ئەنجام دراون، چونکە هەڵبژاردنەکان لەو وڵاتەدا ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە کۆتایی هات.
پێشبینی ئەوەی کە یەکێتی ئەوروپا بەرەو ڕاست دەڕوات ئەوە دەگەیەنێت کە پەرلەمانەکە چیتر کەمتر بە پەرۆشەوە دەبێت لەسەر سیاسەتەکانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانی کەش و هەوادا و هاوکات بەپەرۆشەوە دەبێت بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێن بۆ کەمکردنەوەی کۆچ بۆ یەکێتی ئەوروپا، یەکێتییەک کە 450 ملیۆن دانیشتووی هەیە.
هەروەها دەکرێت پەرلەمان پارچە پارچەتر بێت، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی پەسەندکردنی یاساکان یاخود ڕێوشوێنەکان قورستر ببن لە کاتێکدا کە ئەوروپا ڕووبەڕووی کێشەکانی ڕووسیا و زیادبوونی ڕکابەرییە پیشەسازییەکان بووە لە چین و ئەمەریکاوە.
پاولی ڕیچاردی تەمەن 89 ساڵ کە خانەنشین بووە وتی " هەمیشە هاوڕا نیم لەگەڵ ئەو بڕیارانەدا کە ئەوروپا دەیدات. بەڵام هێشتا هیوادارم حسابکردنێکی دەستبەجێی هەبێت لە سەرجەم وڵاتانی ئەوروپادا، بۆ ئەوەی ئەوروپا بتوانێت ببێت بە یەکێتییەکی یەکگرتوو و سەیری هەمان ئاڕاستە بکەن."
هەڵبژاردنەکان لە هۆڵەندا ڕۆژی پێنجشەممە دەستییان پێکرد و لە ڕۆژانی هەینی و شەممەدا لە وڵاتانی دیکە دەستییان پێکرد، بەڵام دەنگدانە گەورەکەی یەکێتی ئەوروپا لە ڕۆژی یەکشەممەدا دەبێت لە کاتێکدا کە فەڕەنسا و ئەڵمانیا و پۆڵەندا و ئیسپانیا دەنگ دەدەن و ئیتاڵیاش بۆ دووەمین ڕۆژ بەردەوام دەبێت لە دەنگدانەکان.
پەرلەمانی ئەوروپا پڕۆژە یاساکان پەسەند دەکات کە زۆر گرنگن بۆ دانیشتوان و کارەکان لە سەرجەم 27 وڵاتەکەی ئەندام لە یەکێتییەکەدا.
بەڵام چەندین ساڵە دەنگدەرانی سەرانسەری یەکێتی ئەوروپا گلەییان کردووە لەوەی کە یاسادانان لە یەکێتییەکەدا ئاڵۆزە و دوورە لە ڕاستەقینەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەکەوە، ئەوەش هۆکارە بۆ کەمی ڕێژەی بەشداربوون لە هەڵبژاردنەکانی یەکێتی ئەوروپادا.
دەنگدەرێکی دیکەی فەڕەنسایی، ئیمانوێل، لە ناوەندێکی دەنگدانەوە لە باکووری فەڕەنسا وتی " خەڵک نازانێت بە ڕاستی کێ دەسەڵاتی هەیە، لە نێوان کۆمسیۆن و پەرلەماندا نازانن کامییان دەسەڵاتدارترن. ئەوەش ڕاستە کە ئەوە پرسیار دروست دەکات و دەبێتە هۆی دروستبوونی بێ متمانەیی کە دەکرا ئەمڕۆ ئەوە نەبووایە ئەگەر شتەکان ڕوونتر بوونایە."
پارتی گەلانی ئەوروپای ڕاستڕەی مامناوەند لە ئامارەکاندا دەردەکەوێت کە هێشتا گەورەترین پارتی پەرلەمانی ئەوروپایە، بەربژێرەکانی داناوە بۆ سەرۆکایەتیکردنی کۆمسیۆنی ئەوروپا، بۆ نموونە ئۆرسولا ڤۆن دێر لینی ئەڵمانیای داناوە تاوەکو بۆ جارێکی دیکە سەرۆکایەتی کۆمسیۆنەکە بکاتەوە.
بەڵام ڕەنگە ڤۆن دێر لین پێویستی بە پشتگیری هەندێک لە ڕاستڕەوە نەتەوە پەرستەکان بێت بۆ ئەوەی ببێتە زۆرینە لە پەرلەماندا، لەوانەش پارتی برایانی ئیتاڵیای سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جیۆرجیا میڵۆنی، ئەمەش کاریگەرییەکی زیاتر دەدات بە میڵۆنی و هاوپەیمانەکانی.
بەپێی پێشبینییەکی ئاماری ئیۆرۆپ ئیلێکتز کە ڕۆژی یەکشەممە بڵاوکراوەتەوە، دەریدەخات کە پارتی گەلانی ئەوروپا ڕەنگە پێنج کورسی زیاتر بە دەستبهێنێت بە بەراورد لە دوایین هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا تاوەکو کورسییەکان زیاد بکات بۆ 183 کورسی. سۆشیالیستەکان کە پارتەکەی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵزیش دەگرێتەوە، ڕەنگە چوار کورسی لە دەست بدەن و بگەن بە 136 کورسی.
پارتی سەوزەکانی ئەوروپا ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی خەڵکانی ئاسایی و جوتیاران و پیشەسازی بوونەتەوە لەسەر سیاسەتەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ کەمکردنەوەی دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن CO2، پێشبینی دەکرێت پارتەکە لە نێو ئەو پارتانەدا بێت کە لە هەڵبژاردنەکاندا شکستێکی گەورە دەهێنن، بەپێی پێشبینییەکان، پارتەکە 15 کورسی لە دەست دەدات و تەنها 56 کورسی بۆ دەمێنێتەوە.
بەپێی پێشبینییەکان، پارتی نوێکردنەوەی ئەوروپاش 13 کورسی لە دەست دەدات، پێشبینی دەکرێت تەنها 89 کورسی بۆ بمێنێتەوە.
لە هەمان کاتدا پێشبینی دەکرێت پارتی پارێزگارانی نەتەوەپەرست پێنج کورسی زیاتر بە دەستبهێنن و بگەن بە 73 کورسی، هەروەها گروپی ئای دی ڕاستڕەو ڕەنگە هەشت کورسی بە دەستبهێنێت و بگات بە 67 کورسی.
زۆرێک لە دەنگدەران بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانەوە دەناڵێنن، هەروەها نیگەرانن سەبارەت بە کۆچ و خەرجی گۆڕانکاری سەوز و بێزاربوون لە گرژییە جیۆسیاسییەکان، بە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیاشەوە.
پارتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان سوودییان لەمە بینیوە و هەڵبژاردنییان وەکو بەدیلێک پێشکەش کردووە.
بەربژێری پێشەنگی پارتی ڕاستڕەوی ئیسپانی خۆرخێ بوکساد دوای دەنگدانی لە مەدرید وتی " هەر کەسێک باوەڕی وایە کە پێویستمان بە گۆڕانکارییە و باوەڕی وایە کە دەکرێت شتەکان لە بڕۆکسل زۆر باشتر بەڕێوەبچن، تەنها یەک بەدیلییان هەیە، ئەویش دەنگدانە."
لە هۆڵەندا، بەپێی ئامارەکانی کۆتایی پارتی نەتەوە پەرستی گیرت وایڵدەرسی دژە کۆچ بڕیارە 7 کورسی لە کۆی 27 کورسییەکەی هۆڵەندا لە پەرلەمانی ئەوروپادا بە دەستبهێنێت. لە ساڵی 2019 دا پارتەکە هیچ کورسییەکی بە دەست نەهێنا، بەڵام لە هەڵبژاردنە نیشتیمانییەکانی ساڵی ڕابردوودا سەرکەوتنێکی گەورەی بە دەستهێنا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز