Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا یاساکانی پێدانی ڤیزا بە ڕووسییەکان توند دەکاتەوە


دیپلۆماتکاران دەڵێن ڕەنگە وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕێکبکەون لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنی کارئاسانیکردن بۆ پێدانی ڤیزا لەگەڵ ڕووسیادا و کارێک بکەن ڕووسییەکان زیاتر چاوەڕێ بکەن و پارەی زیاتر بدەن بۆ وەرگرتنی ڤیزاکانیان، هاوکات وەزیرەکان هاوڕا نەبوون لەسەر قەدەغەکردنی گەشتی هاوڵاتیانی ڕووسیا بۆ وڵاتانی یەکێتییەکە.

ئەڵمانیا و فەڕەنسا هۆشدارییان داوە لەسەر ئەوەی قەدەغەکردنی گەشتی هاوڵاتیانی ئاسایی بۆ یەکێتییەکە زیانی دەبێت وەک لەوەی سوودی هەبێت، هاوکات هەندێک لە وڵاتانی یەکێتییەکە پشتیوانییان لە قەدەغەکردنی گەشتی هاوڵاتیانی ڕووسیا کردووە کە ئۆکرانیا وەکو وەڵامێک بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە وڵاتەکەدا داوای کردووە.

دیبلۆماتکارێکی باڵای یەکێتی ئەوروپا گوتی " هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنی کارئاسانیکردن بۆ پێدانی ڤیزا گومانی تێدا نیە."

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک لە بەرژەوەندی قەدەغە نەکردنی گەشتی هاوڵاتیانی ئاسایی ڕووسیا قسەی کرد و گوتی " زۆر گرنگە سزای خەڵکانی ناڕازی نەدەین کە هەوڵ دەدەن ڕووسیا جێبهێڵن."

فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە یاداشتێکی هاوبەشدا گوتیان " هۆشداری دەدەن لەسەر سەپاندنی کۆتوبەندی دوور مەودا بەسەر سیاسەتی ڤیزاکەماندا، بۆ ئەوەی ڕێگری بکەین لە دوورخستنەوەی نەوەکانی داهاتوو."

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا ئەوەی ڕەت کردەوە کە گەشت کردن بۆ ڕۆژئاوا ڕەنگە بیروبۆچونی ڕووسییەکان بگۆڕێت، وتی ڕووسیا لەوەتای لە ساڵی 2007 وە ئاسانتر ڤیزای یەکێتی ئەوروپای دەست دەکەوێت، جەنگێکی کورتی لەگەڵ جۆرجیادا هەڵگیرساند و کرایمییەی گرتەخۆی.

گوتی " گەشتکردن بۆ یەکێتی ئەوروپا هیچ کاریگەرییەکی نەبووە لەسەر ڕووسیا، بۆ گۆڕینی ڕووسیا، دەرگاکان بەڕووی گەشتیارانی ڕووسیدا دابخەن."

وڵاتانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی یەکێتی ئەوروپا بە توندی پشتیوانی لە قەدەغەکردنی پێدانی ڤیزا بە گەشتیارانی ڕووسی دەکەن و هەندێکیان وتوویانە ئەگەر لەسەر ئاستی یەکێتی ئەوروپا ڕێکەوتن لەسەر ئەم بابەتە نەکرێت ئەوا خۆیان لەلای خۆیانەوە پێدانی ڤیزا بە گەشتیارانی ڕووسیا قەدەغە دەکەن.

وەزیری دەرەوەی لیتوانیا گابریلیوس لاندسبێرگیس گوتی " ئەگەر سەرجەم 27 وڵاتەکە شکست بهێنن لە گەیشتن بە ڕێکەوتنێک، ئەوا ڕەنگە لە داهاتوودا بیر لە چارەسەرێکی هەرێمی بکرێتەوە بۆ ئەو وڵاتانەی کە گەشتیارێکی زۆری ڕووسی ڕوویان تێدەکەن."

ڕۆژی سێشەممە بە هەمان شێوە وەزیرانی بەرگری وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە پراگ کۆبوونەوە و ڕێکەوتن لەسەر کارکردن بۆ ئامادەکردنی ئەرکێکی هاوبەشی یەکێتییەکە بۆ مەشقکردن بە هێزەکانی ئۆکرانیا.

بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ وتی " دەستپێشخەرییەکی زۆر هەیە بۆ مەشقەکان بەڵام پێویستییەکان زۆر زۆرن و پێویستمانە دڵنیاببینەوە لە یەکگرتوویی ئەم هەوڵانە."

هاوکات مۆسکۆ گوتی گفتوگۆکان لەسەر قەدەغەکردنی پێدانی ڤیزا بە گەشتیارانی ڕووسی کارێکی ژیرانە نیە."

فینلەندا کە سنوورێکی درێژی لەگەڵ ڕووسیادا هەیە دەڵێت نایەوێت ببێتە ناوەندێک بۆ ئەو گەشتیارە ڕووسییانەی کە دەیانەوێت بچنە ناو یەکێتی ئەوروپاوە و بەشێوەیەکی بەرچاو پێدانی ڤیزای بە ڕووسییەکان کەم کردۆتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا ئیستۆنیا سنووری وڵاتەکەی بەڕووی زیاتر لە 50,000 ڕووسیدا داخست کە پێشتر ڤیزایان وەرگرتووە، یەکەمین وڵاتی یەکێتی ئەوروپاشە کە ئەو کارە بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG