Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ڕووسیادا پەسەند دەکات و دەڵێت " پوتن دەبێت شکست بهێنێت "


سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین
سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین

ڕۆژی هەینی ڕابەرانی باڵای یەکێتی ئەوروپا وتیان سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن " دەبێت شکست بهێنێت و شکستیش دەهێنێت "، هاوکات سەپاندنی سزای نوێیان بەسەر ڕووسیادا پەسەند کرد. وتیشیان پوتن دەیەوێت ئەوروپا بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپڕاتۆرەکان و ڕووبەڕووبوونەوەکان.

ڕۆژی پێنجشەممە هێزەکانی ڕووسیا هێرشی وشكانی و ئاسمانی و دەریاییان کردەسەر ئۆکرانیا. نزیکەی 100,000 هاوڵاتی ئۆکرانیا هەڵهاتوون، ئەمەش دوای ئەوەی تەقینەوە و شەڕ و پێکدادانەکان شارە گەورەکانی ئۆکرانیایان هەژاند.

ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپا لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەدا سەپاندنی سزای ئابووری نوێیان بەسەر ڕووسیادا پەسەند کرد، بەمەش چوونە پاڵ ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەوە لەوەی ڕێگە نەدەن ڕووسیا دەستی بگات بە تەکنەلۆجیا هەستیارەکان.

یەکێتی ئەوروپا سەرمایەی ڕووسیا لە یەکێتیەکە سڕ دەکات و چیتر ڕێگە نادات بانکەکانی ڕووسیا دەستیان بگات بە بازاڕە ئابوورییەکانی یەکێتیەکە.

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین وتی " ئەم کۆمەڵە سزایە سزای داراییش دەگرێتەوە، لە سەدا 70 ی بازاڕی بانکی ڕووسی و کۆمپانیا گەورەکانی سەر بە دەوڵەتی ڕووسیا دەکاتە ئامانج، بە کۆمپانیاکانی کەرتی بەرگریشەوە."

ڤۆن دێر لین لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی سزاکان دەبنە هۆی ئەوەی هەڵئاوسانی ئابووری لە ڕووسیا زیاد ببێت.

وتیشی کۆتوبەندەکان لەسەر هەناردەکانی ڕووسیا زیان بە کەرتی نەوتی ڕووسی دەگەیەنێت، ئەوەش لەڕێی ئەوەوە کە ڕێگە نادرێت دەستی بگات بەو ماددانەوە کە لە یەکێتی ئەوروپای دەوێت بۆ پاڵاوگەکانی نەوتەکەی. ئەوەش لە ماوەیەکدا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی داهاتی پاڵاوتنی نەوتی ڕووسیا.

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لە هەمان کۆنفرانسدا وتی جەنگ دەریخست کە ئەوروپا پێویستی بەوەیە ببێتە هێزێکی ڕاستەقینە و لەبوارەکانی وزە و ئاسایشدا سەربەخۆ بێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG