Accessibility links

وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەورووپا لەسەر توندکردنەوەی سیاسەتی کۆچبەری ڕێکدەکەون


وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی سێشەممە، 14ی مانگی پێنج پێشوازییان لە چاکسازییەکی سەرتاسەری کرد لە سیستمە شکستخواردووەکەی کۆچی یەکێتییەکەدا، ئەمەش لە کاتێکدا کە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەوروپا دەستییان پێکردووە کە بڕیارە مانگی داهاتوو بەڕێوەبچن و پێشبینیش دەکرێت پرسی کۆچ یەکێک بێت لە گرنگترین پرسەکان لە هەڵبژاردنەکاندا.

وەزیرانی حکومەتەکانی یەکێتی ئەوروپا 10 بەشی یاسایی پاکێجی نوێی کۆچ و پەنابەرییان پەسەند کرد. پاکێجەکە کۆمەڵێک یاسا بۆ 27 وڵاتە ئەندامەکەی یەکێتییەکە دادەنێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەدا کە هەوڵ دەدەن بەبێ مۆڵەت بێنە ناو وڵاتانی یەکێتییەکەوە، لە چۆنێتی پشکنینییانەوە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی ئایا ئەو کەسانە شایستەی پاراستنن یاخود ڕەوانە بکرێنەوە ئەگەر ڕێگەیان پێنەدرێت بمێننەوە.

هەنگاریا و پۆڵەندا کە لە مێژە دژایەتی هەر بڕیارێک دەکەن کە وڵاتانی یەکێتییەکە ناچار بکات کۆچبەران وەربگرن یاخود پارە بدەن بۆ هێشتنەوەیان، دژی پاکێجەکە دەنگییاندا بەڵام نەیانتوانی ڕێگری لێبکەن.

پارتە سیاسییە دیارەکان باوەڕییان وایە کە پاکێجەکە چارەسەری ئەو کێشانە دەکات کە دووبەرەکییان خستووەتە نێو ئەندامانی یەکێتییەکەوە، دووبەرەکییەکانیش لە ساڵی 2015 ەوە دەستییان پێکرد کاتێک زیاتر لە 1 ملیۆن کۆچبەر گەیشتنە ئەوروپا، زۆربەیان لە جەنگەکانی ناو سوریا و عێراقەوە هەڵاتبوون.

بەڵام پاکێجی چاکسازییەکە لە ساڵی 2026 ەوە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش وادەکات چارەسەرێکی دەستبەجێ نەخاتەوە بۆ کێشەیەک کە بووەتە هۆی دروستبوونی یەکێک لە گەورەترین قەیرانە سیاسییەکان لە یەکێتی ئەوروپادا، دووبەرەکی خستووەتە نێو وڵاتانی یەکێتییەکەوە لەسەر ئەوەی دەبێت کێ بەرپرسیارێتی کۆچبەران هەڵبگرێت کاتێک دەگەنە ئەوروپا و ئایا وڵاتانی دیکەش ناچار دەبن یارمەتی چەند وڵاتێکی دیاریکراو بدەن یاخود نا.

ڕەخنەگران دەڵێن پاکێجەکە ڕێگە بە وڵاتان دەدات کۆچبەران لەسەر سنوورەکان دەستبەسەر بکەن و پەنجەمۆر لە منداڵانیش وەربگرن. دەڵێن ئامانج لە پاکێجەکە ئەوەیە خەڵکەکە دووربخەنەوە و مافی داواکردنی پەنابەرێتییان پێشێل دەکات. زۆرێک لەوە دەترسن پاکێجەکە ببێتە هۆی ڕێککەوتنی بێویژدانەی زیاتر لەگەڵ ئەو وڵاتە هەژارانەدا کە خەڵکەکانییان بۆ ئەوروپا جێیان دەهێڵن.

یاسا نوێیەکان بۆچی پێویستن؟

یاساکانی کۆچی ئەوروپا نزیکەی 20 ساڵ دەبێت نوێ نەکراونەتەوە. سیستمەکە خراپ بوو و لە ساڵی 2015 دا شکستی هێنا. سیستمەکە لەسەر بنەمای پڕۆسەکردنی کۆچبەران و پێدانی مافی مانەوە یاخود ڕەوانەکردنەوەیان بۆ وڵاتانی خۆیان سەرچاوەی گرتبوو. بارە قورسە داراییەکەی گەیشتنی کۆچبەران کەوتە سەر شانی یۆنان و ئیتاڵیا و ماڵتا و دەبووایە مامەڵەیان لەگەڵ ناڕەزایی خەڵکەکەیان بکردایە. لەو کاتەوە ناوچەی شینگن فراوانکرا بۆ 27 وڵات، 23 وڵاتییان ئەندامن لە یەکێتی ئەوروپادا. ئەوەش مانای ئەوەیە کە زیاتر لە 400 ملیۆن ئەوروپایی و میوان، بە پەنابەرانیشەوە، دەتوانن بەبێ پیشاندانی بەڵگەنامەی گەشتکردن، گەشت بۆ سەرجەم ئەو وڵاتانە بکەن.

یاساکان بەسەر کێدا جێبەجێ دەکرێن؟

لە ساڵی 2023 دا نزیکەی 3.5 ملیۆن کۆچبەر بە شێوەیەکی یاسایی گەیشتنە ئەوروپا. نزیکەی 1 ملیۆن کۆچبەری دیکە بەبێ مۆڵەت لەسەر خاکی یەکێتی ئەوروپا بوون، لەو 1 ملیۆنە زۆربەیان بە شێوەیەکی ئاسایی لە ڕێی فڕۆکەخانەکان و بەندەرەکانەوە بە ڤیزاوە هاتوونەتە ناوەوە، بەڵام کاتێک ڤیزاکانییان ماوەکەیان بەسەرچووە نەگەڕاونەتەوە. پاکێجەکە بەسەر ئەو کەمینەیەدا جێبەجێ دەکرێت کە ماونەتەوە، ساڵی ڕابردوو 300,000 کۆچبەر بوون. ئەو کەسانەن کە لە کاتی پەڕینەوەیان بە سنوورە دەرەکییەکانی یەکێتی ئەوروپادا بەبێ مۆڵەت، گیراون، لەوانەش، ئەو کەسانەی کە لە ڕێی دەریای ناوەند یاخود زەریای ئەتڵەسییەوە لە ڕێی بەلەمی قاچاخچییەکانەوە دەگەنە کەناراوەکانی یۆنان و ئیتاڵیا و ئیسپانیا.

سیستمەکە چۆن دەبێت؟

ئەو وڵاتەی کە کۆچبەرەکان دەیگەنێ پشکنینیان بۆ دەکەن لەسەر سنوورەکە یاخود لە نزیک سنوورەکە. پشکنینی ناسنامە و پشکنینەکانی دیکەیان بۆ دەکرێت. پشکنین بۆ منداڵانی تەمەن 6 ساڵیش دەکرێت. زانیارییەکان لە داتابەیسێکی زەبەلاحی نوێدا دادەنرێن بە ناوی یۆرۆداک. پشکنینەکان دیاری دەکەن کە ئایا کەسەکە مەترسی تەندروستی یاخود ئاسایش دروست دەکات یاخود نا، هەروەها دیاری دەکات کە بمێنێتەوە یاخود ڕەوانە بکرێتەوە. بە گشتی، ئەوانەی کە لە دەست جەنگ و سزا و توندوتیژیی هەڵاتوون شایستەن بۆ پەنابەریی. ئەوانەی بۆ کار دەگەڕێن ڕەنگە هاتنە ناوەوەیان ڕەت بکرێتەوە. پشکنینەکان ئیجبارین و نابێت لە حەوت ڕۆژ زیاتر بخایەنن. پشکنینەکان دەبێت ببنە هۆی دوو شت : پێدانی پاراستن وەکو پەنابەری، یاخود ڕەوانەکردنەوەیان بۆ وڵاتانی خۆیان.

پڕۆسەی داواکردنی پەنابەری چییە؟

ئەو کەسانەی کە هەوڵی پەنابەری دەدەن دەبێت لەو وڵاتەی یەکێتی ئەوروپا داوای بکەن کە سەرەتای دەیگەنێ، دەبێت لەو وڵاتەدا بمێننەوە تاوەکو بەرپرسان بڕیار دەدەن چی وڵاتێک مامەڵە لەگەڵ داواکەیاندا بکات. دەکرێت خێزانییان هەبێت یاخود دەکرێت ناسیاوی دیکەیان هەبێت لە شوێنێکی تر، ئەوەش وادەکات باشتر بێت بۆ ئەوان بچن بۆ ئەو شوێنە. پڕۆسەکەی سەر سنوورەکە لە 12 هەفتەدا تەواو دەبێت.

ڕەوانەکردنەوە چۆن دەبێت؟

بۆ خێراکردنی شتەکان، فەرمانی ڕەوانەکردنەوە دەبێت ئۆتۆماتیکی بدرێت کاتێک داوای کۆچبەرەکە بۆ پەنابەری ڕەت دەکرێتەوە. پێشبینی 12 هەفتەی دیکە دەکرێت بۆ تەواوکردنی ئەم پڕۆسەیە. لەو ماوەیەدا بەرپرسان دەکرێت خەڵکەکە دەستبەسەر بکەن. دەزگاکانی سنوور و کەناری یەکێتی ئەوروپا یارمەتیدەر دەبن لە ڕێکخستنی گەشتە هاوبەشەکانی ڕەوانە کردنەوەدا. لە ئێستادا کەمتر لە یەک کەس لە کۆی سێ کەس فەرمانی ڕەوانەکردنەوەیان پێدەدرێت. ئەمەش زۆرجار هۆکارەکەی نەبوونی هاریکارییە لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا کە ئەم خەڵکانەی لێوە دێن.

یاسا نوێیەکە وڵاتان ناچار دەکات یارمەتی وڵاتانی دیکەی یەکێتییەکە بدەن. پشتیوانیکردن ئیجبارییە. وڵاتان دەتوانن داواکانی پەنابەری بگەڕێننەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان یاخود شێوەیەکی دیکەی یارمەتیدان هەڵبژێرن.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG