Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا تاوتوێی ڕەوشی ناڤاڵنی دەکات


وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لەڕێی ڤیدیۆوە کۆدەبنەوە تاوەکو تاوتوێی چارەنووسی ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڕوسیا ئالێکسی ناڤاڵنی بکەن کە لە ئێستادا لە زینداندا نەخۆشە و مانی لە خواردن گرتووە، ئەمە دوای ئەوەی واشنتن هۆشیاریدایە ڕوسیا لەسەر ئەوەی ئەگەر ناڤاڵنی بمرێت ئەوا مۆسکۆ دەبێت بەرگەی دەرەنجامەکان بگرێت.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس داوای لە بەرپرسانی ڕوسی کرد بەزووترین کات " چارەسەرێکی تەندروستی گونجاو " بۆ ناڤاڵنی بکەن. هەروەها داواشی کرد ناڤاڵنی بتوانێت " پەیوەندیی بەو پزیشکانەوە بکات کە متمانەی پێیانە."

بە هەمان شێوە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان لێدوانێکی هاوشێوەیدا و " نیگەرانی خۆی " دەربڕی سەبارەت بە ڕەوشی تەندروستی ناڤاڵنی و وتی سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن " بەرپرسیارێتیەکی گەورەی " لەسەر شانە.

هەروەها ئاماژەی بە سەپاندنی سزای نوێ کرد بەسەر ڕوسیادا و داوای کرد " ڕێوشوێن بگیردرێتەبەر بۆ پاراستنی تەندروستی ناڤاڵنی و ئازادکردنی."

دوای ئەوەی لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوودا ناڤاڵنی ژەهراویکرا، ئەمەریکا و ئەوروپییەکان سزایان بەسەر ڕوسیادا سەپاند.

ڕۆژی یەکشەممە یەکێتی ئەوروپا نیگەرانی خۆی دەربڕی لەسەر تەندروستی ناڤاڵنی و وەزیری دەرەوەی یەکێتیەکە جۆزێپ بۆڕێل داوای لە ڕوسیا کرد ڕێگە بە ناڤاڵنی بدەن " پەیوەندیی بەو پزیشکانەوە بکات کە خۆی متمانەی پێیانە " و هەروەها داواشی کرد " بەزووترین کات و بەبێ مەرج ئازاد بکرێت."

جەختیشی لەوە کردەوە " بەرپرسانی ڕوسی بەرپرسن لە پارێزراوی و تەندروستی ناڤاڵنی لە زیندان."

لەم ڕۆژانەی دواییدا فشارەکانی سەر ڕوسیا زیادییان کردووە، بەتایبەتی لەلایەن واشنتنەوە. ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان بە تۆڕی سی ئێن ئێنی وت " ئەگەر ناڤاڵنی بمرێت ئەوا دەرەنجام دەبێت."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG