Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا بە نیازە مەشق بە 15,000 سەربازی ئۆکرانی بکات و چەکی زیاتر بۆ کیێڤ دابین بکات


بڕیارە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی دووشەممەدا لە لۆکسۆمبۆرگ ڕێکبکەون لەسەر ئەرکێکی پێدانی مەشق بە 15,000 سەربازی ئۆکرانیا و دابینکردنی 500 ملیۆن یۆرۆی دیکە بۆ کڕینی چەک بۆ کیێڤ.

پێشبینیش دەکرێت وەزیرەکان سزای دیکە بسەپێنن بەسەر ئێراندا بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانەوە، هەروەها چاوێک بخشێننەوە بە پەیوەندییەکانی یەکێتییەکە لەگەڵ چیندا و ڕێگە خۆشکردن لەبەردەم وەرگرتنی هەڵوێستێکی توندتر بەرامبەر پەکین.

دوو بەرپرسی باڵای یەکێتی ئەوروپا گوتیان مەشقە سەربازییەکە لە ناوەڕاستی مانگی یانزەدا دەستپێدەکات و لە پۆڵەندا و ئەڵمانیا ئەنجام دەدرێت.

پێشتریش چەند وڵاتێکی یەکێتی ئەوروپا مەشقییان بە هێزە ئۆکرانییەکان کردووە لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی چەکە دیاریکراوەکان و ئەوەش بەردەوام دەبێت.

وەزیرانی دەرەوە ڕێکدەکەون لەسەر دابینکردنی 500 ملیۆن یۆرۆی دیکە بۆ کڕینی چەک و گەیاندنیان بۆ ئۆکرانیا، بەمەش یەکێتی ئەوروپا تاوەکو ئێستا لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە 3 ملیار یۆرۆی لە چەکدا بۆ کیێڤ تەرخان کردووە.

لە هەمان کاتیشدا وەزیرەکان پێشبینی دەکرێت قەدەغەکردنی گەشت بەسەر نزیکەی 15 بەرپرسی ئێرانیدا بسەپێنن و سەرمایەکانیان لە ئەوروپا سڕ بکەن، ئەو بەرپرسانەی سزاکان دەیانگرێتەوە دەستیان هەبووە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەراندا لە ئێران.

هەروەها تاوتوێی پێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن ئێرانەوە بۆ ڕووسیا دەکەن، ڕێگەیەک دەکەنەوە بۆ سەپاندنی سزای زیاتر کە ڕەنگە دواتر ڕێکبکەون لەسەری.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG