Accessibility links

ڕابەرانی ئەوروپا پیرۆزبایی لە ماکرۆن دەکەن


سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن
سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن

ڕابەرانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بەخێرایی پیرۆزباییان لە سەرکەوتنی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن کرد لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی فەڕەنسادا.

سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا چاڕڵس میشێل و سەرۆک وەزیرانی وڵاتانی بەلجیکا و لۆکسۆمبۆرگ یەکەمین بوون لە پیرۆزباییکردن لە ماکرۆن، دواتریش ڕابەرانی وڵاتانی دیکەی یەکێتییەکە پیرۆزبایی خۆیان ئاڕاستەی ماکرۆن کرد.

میشێل لە تویتەر نوسیویەتی " بڕاڤۆ ئیمانوێل، لەم کاتە سەختەدا پێویستمان بە ئەوروپایەکی پتەو هەیە و فەڕەنساش بەتەواوەتی پابەندە بەوەوە کە یەکێتی ئەوروپا زیاتر سەروەر و ستراتیژیتر بێت."

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن پێشوازی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی فەڕەنسا کرد، بەڵێنیشیدا هاریکاری لەگەڵ ماکرۆندا بکات و وتی " فەڕەنسا یەکێکە لە نزیکترین و گرنگترین هاوپەیمانەکانمان."

سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەوروپا کریستین لاگارد کە هاوڵاتییەکی فەڕەنسییە پیرۆزبایی لە ماکرۆن کرد و وتی " سەرکردایەتییەکی بەهێز زۆر گرنگە لەم ساتە نادیارانەدا."

ڕابەرانی سوید و ڕۆمانیا و لیتوانیا و فینلەندا و هۆڵەندا و یۆنان و سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین، سەرجەمییان دوای تێپەڕبوونی نیو کاتژمێر بەسەر ئەنجامەکاندا پیرۆزباییان لە ماکرۆن کرد.

سەرۆک وەزیری هۆڵەندا مارک ڕوتێ وتی " بە پەرۆشەوەم بەردەوامی بدەم بە هاریکارییە بونیادنەر و فراوانەکانمان لەنێو یەکێتی ئەوروپا و ناتۆدا، هەروەها بە پەرۆشەوەم بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییە نایابەکەی نێوان دوو وڵاتەکەمان."

وەزیری دارایی ئەڵمانیا کریستین لیندنەر وتی ئەوروپا گەورەترین براوە بووە.

سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا ماریۆ دراگی کە لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز و سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆندا پشتیوانییەکی بەهێزی یەکێتی ئەوروپا دەکەن، وتی دووبارە هەڵبژاردنەوەی ماکرۆن " هەواڵێکی زۆر خۆش بوو بۆ هەموو ئەوروپا."

لەلای خۆشییەوە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز پێشنیاری بەردەوامی پێدان بە هاریکارییەکانی نێوان ئەڵمانیا و فەڕەنسای کرد، کە بە بزوێنەری یەکگرتوویی ئەوروپا دادەنرێت.

سەرۆک وەزیری ئیسپانیا پێدرۆ سانچێزیش پیرۆزبایی لە ماکرۆن کرد. سانچێز ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ شۆڵز و سەرۆک وەزیری پورتوگالدا ڕەخنەیان لە لو پێن گرت و داوایان لە هاوڵاتیانی فەڕەنسا کرد دەنگ بدەن بە ماکرۆن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG