Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا هەوڵی ڕزگارکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران دەدات


بەرپرسی باڵای کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ

بەرپرسی باڵای کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ وتی یەکێتیەکە ئامادەکاری دەکات بۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی وڵاتانی بەشدار لە ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی ئێران بەمەبەستی تاوتوێکردنی دۆسیەی ناوەکی ئێران، ئەوەش دوای پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریفدا.

بۆڕێڵ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بڕۆکسل وتی " لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران جەواد زەریفدا قسەم کردووە و داوای کۆبوونەوەیەکی وەزیرانی وڵاتانی بەشدار لە ڕێکەوتنەکە دەکەم بۆ زیندووکردنەوەی ئەو ڕێکەوتنە."

جەختیشی لەوە کردەوە " ئەم ڕێکەوتنە تەنها ڕێگەیە بۆ ئەوەی ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ناوەکی." بەڵام ئاماژەی بە کات و شوێنی کۆبوونەوەکە نەدا.

دوای ئەوەی لە ساڵی 2018 دا ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا کشایەوە و سەرجەم سزا ئابوورییەکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا، گرژییەکان دووبارە زیادبوونەوە. دوای ساڵێک لە کشانەوەکە، تاران چیتر پابەندی زۆرێک لە بەرپرسیارێتیەکانی نەبوو لە ڕێکەوتنەکەدا کە لە ساڵی 2015 دا واژۆ کرا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG