Accessibility links

ئەوروپا داوا لە ئێران دەکات پابەند بێت بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەوە


وڵاتانی ئەوروپا داوایان لە ئێران کرد پابەند بێت بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەوە کە لە ساڵی 2015 دا لەنێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا واژۆکرا و بووە هۆی ئەوەی چالاکییە ناوەکییەکەی ئێران سنووردار بکرێن، وڵاتانی ئەوروپی بەشدار لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە لەمیانەی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا جەختیان لەوە کردەوە بەدیلێکی ئاشتیانە نیە بۆ ڕێکەوتنەکە.

نوێنەری یەکێتی ئەوروپا لە نەتەوە یەکگرتووەکان جواو ڤاڵی دی ئالمێدا بە ئەنجومەنەکەی وت " ڕێکەوتنە ناوەکییەکە کارایە و ئامانجەکەی دەستەبەرکردووە، هەروەها هیچ بەدیلێکی ئاشتیانەش نیە پشتی پێببەسترێت."

ڕێکخەری کاروباری سیاسیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆزماری دی کارلۆ وتی بڕیارەکانی ئەمەریکا لەسەر ئەوەی چاوپۆشی لەو وڵاتانە ناکەن کە مامەڵە لەگەڵ ئێراندا دەکەن لەوانەیە ببێتەهۆی بەربەست دانان لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکەدا، چونکە هەندێک پڕۆژە هەیە پەیوەستە بە ڕێگەنەدان بە بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکییەوە کە ناتوانرێت ئەنجام بدرێن بەهۆی ئەو بڕیارەی ئەمەریکاوە.

هەروەها ئێران ڕایگەیاند ڕێوشوێنی نوێ دەگرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی بەرپرسیارێتیەکانی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا کە ئەوەش لەوانەیە ببێتەهۆی ئەوەی ئێران ڕێکەوتنەکە پێشێل بکات.

نوێنەری فەڕەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان فرانسوا دیلاتخ هۆشیاریدا لەوەی کۆتای هاتنی ڕێکەوتنە ناوەکیەکە " مانای ئەوە دەگەیەنێت هەنگاوێکی مەترسیدار دەچینە دواوە کە پڕە لە نادیاری و دەرەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە لەسەر ناوچەکە و سیستمی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکیی و ئاسایشی هەمووان."

وتیشی " پێویستە لەسەر ئێران خۆی بەدووربگرێت لە هەر ڕێوشوێنێک کە ببێتە هۆی پێشێلکردنی بەرپرسیارێتییەکانی."

نوێنەری ڕوسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڤاسێلی نیبینزیا وتی مۆسکۆ دەیەوێت لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا بمێنێتەوە، بەڵام واشنتنی تۆمەتبار کرد بەوە ئاماژەی خراپ دەنێرێت.

" گوێمان لێدەبێت دەڵێن پلانی ئەوەمان نیە ڕژێمی ئێران بگۆڕین، دواتر لە هەمان کاتدا گوێمان لە هەڕەشەی وێرانکردن دەبێت و سزای نوێ دەسەپێنرێن، داوا هەیە بۆ وتوێژکردن و دواتر بە هەمان شێوە و ڕاشکاوانە نیازی زیادکردنی بوونی سەربازییان لە ناوچەکەدا باس دەکەن."'

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG