یەکێتی ئەوروپا سزای سەپاند بەسەر لقێکی دەزگای هەواڵگری سەربازی ڕوسیا و کۆمپانیاکانی چین و کۆریای باکووردا، ئەمەش بەهۆی گومانی ئەوەی بەشداربوون لە هێرشە ئەلیکترۆنیە گەورەکانی سەرانسەری جیهاندا.
یەکێتی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکدا وتی سزاکانی یەکێتیەکە لقی تەکنەلۆجیای تایبەتی دەزگای هەواڵگری سەربازی ڕوسیای کردۆتە ئامانج کە بە بەڕێوبەرایەتی سەرەکی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی یەکێتی ڕوسیا ناسراوە.
یەکێتیەکە ڕوسیایان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەنجامدانی دوو هێرشی ئەلیکترۆنی لە مانگی شەشی ساڵی 2017 دا کە زۆرێک لە کۆمپانیا ئەوروپیەکانی کردە ئامانج و بوونە هۆی کەوتنەوەی زیانێکی مادی گەورە. هەروەها دەزگاکەشیان تۆمەتبار کرد بەوەی لە ساڵی 2015 و 2016 دا دوو هێرشی ئەلیکترۆنی دیکەی کردۆتە سەر تۆڕی کارەبای ئۆکرانیا.
چوار کەسی دیکەش لە دەزگای هەواڵگری سەربازی ڕوسیا سزا دران بەهۆی ئەوەی بەشداربوون لە هەوڵەکان بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لە هۆڵەندا لە مانگی چواری ساڵی 2018 دا.
هەروەها کۆمپانیای چوسون ئێکسپۆی کۆریای باکووریش سزا درا بەهۆی ئەوەی پشتیوانی لە کۆمەڵەی لازارۆس گروپ کردووە کە بە بەرپرس دادەنرێن لە زنجیرەیەک هێرشی ئەلیکترۆنی گەورە لە سەرانسەری جیهاندا، لەوانەش دزینی 81 ملیۆن دۆلار لە حیسابی بانکی ناوەندی بەنگلادیش لە بانکی یەدەکی ئتیحادی ئەمەریکی لە نیویۆرک لە ساڵی 2016 دا.
ساڵی ڕابردوو وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزای سەپاند بەسەر لازارۆس گروپ و دوو گروپی دیکەی چەتەی ئەلیکترۆنیدا لە کۆریای باکوور، ئەوەش بەهۆی بەشدارییانەوە لە هێرشەکانی سەر سۆنی پیکچەرز و بانکی ناوەندی بەنگلادیش و کۆمەڵێک هێرشی دیکە.
لەلای خۆیەوە کۆریای باکوور ڕەتی دەکاتەوە لە هیچ هێرشێکی ئەلیکترۆنیدا بەشداربووبێت.
لەلایەکی دیکەشەوە یەکێتی ئەوروپا سزای سەپاند بەسەر کۆمپانیای هایتای تەکنەلۆجی دیڤەلۆپمێنتی چینیدا کە بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی ناسراو بە " ئەرکی کلاود هوبەر " تۆمەتبار کراوە. کلاود هوبەر زانیارییە بازرگانیە هەستیارەکانی کۆمەڵێک کۆمپانیای جیهانی لە سەرانسەری جیهاندا کردۆتە ئامانج. هەروەها سزاکانی یەکێتیەکە دوو کەسی چینیشی گرتەوە کە دەستیان هەبووە لە هێرشەکاندا.
سزاکان قەدەغەکردنی گەشت بۆ ئەوروپا و سڕکردنی سەرمایەی سزادراوەکان دەگرێتەوە. هەروەها سزاکان ڕێگە نادات بە کەس و لایەن و کۆمپانیاکانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا پارە بدەن بەو کەس و کۆمپانیایانەی کە لە لیستی ڕەشدا تۆمارکراون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز