Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا شکست دەهێنێت لە ڕێکەوتن لەسەر قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا


ڕۆژی یەکشەممە یەکێتی ئەوروپا شکستی هێنا لە پەسەندکردنی پێشنیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیادا، بەڵام دیبلۆماتکاران هێشتا هەوڵ دەدەن بەرەوپێشچوونێک بکەن پێش کۆبوونەوەکەی ڕۆژی دووشەممە و سێشەممەی یەکێتییەکە.

لەو کۆبوونەوەیەدا یەکێتی ئەوروپا تاوتوێی ئەوە دەکەن لە پێشنیارەکەیاندا بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا ڕێگە بە هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا بدەن بۆ وڵاتانی ناوەڕاستی ئەوروپا.

قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا بەشێکە لەو سزایانەی کە یەکێتی ئەوروپا ئامادەی کردوون بۆ سەپاندنیان بەسەر ڕووسیادا بەهۆی داگیرکارییەکەیەوە لە ئۆکرانیا.

ئەمەش شەشەمین جار دەبێت یەکێتی ئەوروپا سزا بەسەر مۆسکۆدا بسەپێنێت، سزاکانیش بریتی دەبن دەرکردنی گەورەترین بانکی ڕووسیا سبێربانک لە سیستمی دارایی سویفتی جیهانی و قەدەغەکردنی کەناڵەکانی ڕووسیا لە یەکێتی ئەوروپا و زیادکردنی خەڵکی ڕووسی زیاتر بۆ لیستی ئەو ڕووسییانەی کە سەرمایەکانیان سڕکراون و ناتوانن بێنە ناو یەکێتی ئەوروپاوە.

سەرجەم سزاکان بەهۆی هەنگارییاوە ڕاگیراون، قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا لێدانێکی بەهێز دەبێت بۆ ئابوورییەکەی چونکە هەنگاریا ناتوانێت بە ئاسانی نەوت لە شوێنێکی دیکەوە هاوردە بکات. سلۆڤاکیا و کۆماری چیکیش نیگەرانیی هاوشێوەیان دەربڕیوە.

ماوەی مانگێکە گفتوگۆ لەسەر قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا دەکرێت، بەڵام هیچ بەرەوپێشچوونێک نەکراوە و ڕابەرانی یەکێتییەکە سوورن لەسەر ئەوەی بگەن بە ڕێکەوتنێک تاوەکو خۆیان بەدووربگرن لەوەی بەشێوەیەکی نایەکگرتوویی دژی ڕووسیا دەربکەون.

بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو چەق بەستووییە، کۆمسیۆنی ئەوروپا پێشنیاری کردووە تەنها ئەو نەوتەی ڕووسیا قەدەغە بکرێت کە لەڕێی بارهەڵگرەکانەوە دەهێندرێنە ناو یەکێتی ئەوروپاوە، بەمەش هەنگاریا و سلۆڤاکیا چیک دەتوانن بەردەوام بن لە هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا لەڕێی بۆری نەوتی دروژبای ڕووسییەوە، ئەمەش تەنها بۆ ماوەیەک دەبێت تاوەکو ئەو وڵاتانە شوێنێکی دیکە دەدۆزنەوە بۆ هاوردەکردنی نەوت.

بەرپرسان دەڵێن هەنگاریا پشتیوانی لەم پێشنیارە دەکات، بەڵام گفتوگۆکانی ڕۆژی یەکشەمە گیرییان خوارد لەسەر ئەوەی یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی دەرایی لەوە بکات کە هەنگاریا دەیەوێت تواناکانی بۆرییە نەوتەکەی لە کڕواتیاوە زیاتر بکات و پاڵێوگەکانی لە بەکارهێنانی نەوتی خاوی ئوڕاڵی ڕووسییەوە بگۆڕێت بۆ نەوتی خاوی برێنت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG