Accessibility links

بڕۆکسل بووژانەوەی ئابووری بەخێرایی لە ناوچەی یۆرۆ بەدووردەزانێت


کۆمسیاری ئەوروپا بۆ کاروباری ئابووری پاولۆ جەنتیلۆنی
کۆمسیاری ئەوروپا بۆ کاروباری ئابووری پاولۆ جەنتیلۆنی

کۆمسیۆنی ئەوروپا بە نیگەرانیەوە باسی لە ڕەوشی ئابووری ناوچەی یۆرۆ کرد کە زیانێکی زۆری بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پێگەیشتووە، بەدووریشی زانی بەخێرایی ببوژێتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە کۆمسیۆنی ئەوروپا پێشبینی ئەوەی کرد کۆی داهاتی ناوخۆی ناوچەی یۆرۆ لە ساڵی 2020 دا بە ڕێژەی لە سەدا 7.8 کەم بکات، ئەوەش شتێکە لە ساڵی 1999 ەوە ڕووینەداوە.

ئەم ڕەوشەش بەهۆی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دروست بووە و لە ئێستادا کۆمەڵێک وڵاتی ئەوروپای ناچارکردووە ڕێوشوێنی قەدەغەکردنی هاتوچۆ و داخستنی وڵاتەکانیان بگرنەبەر. جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ڤاڵدێس دومبروڤسکیس وتی " شەپۆلی دووەم نادیارییەکان زیاتر دەکات و هیواکانمان بۆ بوژاندنەوەی خێرای ئابووری لەناودەبات."

کۆمسیاری ئەوروپا بۆ کاروباری ئابووری پاولۆ جەنتیلۆنی جەختی لەوە کردەوە " هەرگیز پشت بە بوژانەوەی خێرا نابەستین و دڵنیا بووینەوە کە ئەوە ڕوونادات."

کۆمسیۆنی ئەوروپا پێی وایە " ئابووری ئەوروپا ناتوانێت بەنزیکەییش بگاتەوە بەوەی پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا." هەروەها ئاماژە بەوە دەدات پێدەچێت ئابووری ناوچەی یۆرۆ تاوەکو پێش ساڵی 2023 نەچێتەوە باری ئاسایی خۆی.

یەکێک لە هۆکارەکانی نادیاری داهاتووی ڕەوشەکە ئەگەری کەوتنەوەی قەیرانی تەندروستیە کە ئەوەش کار و چالاکیەکان کەم دەکاتەوە و دواتر دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی بێکاری.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG