یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی یەکشەممە بڕی 8 ملیار دۆلاری وەکو یارمەتی بۆ میسڕ ڕاگەیاند، لە کاتێکدا کە نیگەرانییەکان زیاتر بوون سەبارەت بە فشاری ئابووریی و ململانێکان لە وڵاتانی دراوسێی میسڕدا و زیادبوونی ئەو کۆچبەرانەی کە دەیانەوێت بگەنە ئەوروپا.
بەرپرسانی میسڕ دەڵێن بڕیارە ڕێککەوتنەکە لە ماوەی سەردانێکی سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین و ڕابەرانی بەلجیکا و ئیتاڵیا و قوبرس و یۆنان لە ڕۆژی یەکشەممەدا بۆ میسڕ واژۆ بکرێت. سەرۆکی میسڕ عەبدلفەتاح سیسی بە جیا لەگەڵ ڤۆن دێر لین و سەرۆک وەزیری بەلجیکا ئالیکساندەر دی کرۆدا کۆبووەوە، ئەمەش پێش مەراسیمی واژۆ کردنەکە کە بڕیارە دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە بەڕێوەبچێت.
شاندی یەکێتی ئەوروپا لە میسڕ وتی پاکێجەکە بەخشین و پێدانی قەرزیشی تێدایە بۆ میسڕ بۆ سێ ساڵی داهاتوو.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی شاندی یەکێتی ئەوروپا لە میسڕ، دوو لایەنەکە هاریکارییەکانی نێوانییان بەرزکردووەتەوە بۆ ئاستی " هاوبەشییەکی ستراتیژی و گشتگیر "، بەمەش ڕێگەیان خۆشکردووە لەبەردەم فراوانکردنی هاریکارییەکانی نێوان یەکێتی ئەوروپا و میسڕدا لە بوارە جیاجیاکانی ئابووریی و نا ئابووریشدا.
ئۆفیسی سیسی لە بەیاننامەیەکدا وتی ڕێککەوتنەکە ئامانج لێی " گۆڕانێکی گرنگە لە هاریکارییەکان و هەماهەنگییەکانی نێوان دوو لایەنەکەدا، ئەوەش لە پێناو بە دەستهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوانمان."
سەرچاوە/ AP