پڕۆژە بڕیارێک دەریدەخات یەکێتی ئەوروپا داوای لە کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە لەنزیکەوە چاودێری ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ بکات لە بێلاڕوس.
ڕۆژی هەینی لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا سەبارەت بەو هەواڵانەی کە گوایە پێشێلکاری لە مافەکانی مرۆڤدا کراوە لە بێلاڕوس پڕۆژە بڕیارەکە ئاماژەی پێدەدرێت، لەکاتێکدا مانگی ڕابردوو دووبارە ئالیکساندەر لوکاشینکۆ وەکو سەرۆکی وڵاتەکە هەڵبژێردرایەوە.
سەدان هەزاران کەس لە بێلاڕوس خۆپیشاندان دەکەن و داوا دەکەن لوکاشینکۆ واز لە دەسەڵات بهێنێت، ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە دەڵێت هەڵبژاردنەکان ساختەکاری تێدا کراوە و نەدەبوو لوکاشینکۆ سەربکەوێت.
لەلای خۆیەوە لوکاشینکۆ ڕەتی دەکاتەوە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا کرابێت و دەڵێت هێزە بیانیەکان لە پشت خۆپیشاندانەکانەوەن تاوەکو لەڕێی ئەوەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەڵبوەشێننەوە.
لە پڕۆژە بڕیارەکەی یەکێتی ئەوروپادا باس لە کۆمەڵێک پێشێلکاری کراوە، لەوانەش کوشتن و ئەشکەنجەدان و ڕفاندن و دەستگیرکردنی ناڕەوا.
لە پڕۆژەکەدا هاتووە دەڵێت " ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە بێلاڕوس بە گشتی و خراپبوونی ڕەوشی وڵاتەکە دوابەدوای هەڵبژاردنە ساختەکەی 9 ی مانگی هەشتی ساڵی 2020."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز