Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا بەڵێنی یەکڕیزی دەدات بەرامبەر بێلاڕوس


سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین وتی گیرخواردنی هەزاران کەس لەسەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی یەکێتی ئەوروپا زیاتر هەوڵێکی بێلاڕوس پیشان دەدات بۆ خستنەوەی ناسەقامگیری لە یەکێتیەکەدا وەک لە قەیرانێکی کۆچبەران.

ئۆرسولا ڤۆن دێر لین لەبەردەم پەرلەمانی ئەوروپادا وتی یەکێتیەکە لە پاڵ پۆڵەندا و لیتوانیا و لاتیڤیادا دەوەستێت، کە وەکو یەکێتی ئەوروپا خۆی دەڵێت ڕووبەڕووی پلانەکانی سەرۆکی بێلاڕوس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ بوونەتەوە کە هەزاران کۆچبەری هێناوەتە بێلاروس و دەیەوێت ناچارییان بکات سنوورەکانی یەکێتی ئەوروپا ببەزێنن.

ڤۆن دێر لین وتی " ئەوە ئەوروپایە بەگشتی ڕووبەڕووی کێشە بۆتەوە، ئەمە قەیرانی کۆچبەران نیە. ئەمە هەوڵی ڕژێمێکی زۆردارە بۆ خستنەوەی ناسەقامگیری لە وڵاتە دراوسێ دیموکراتخوازەکانیدا."

سەرۆک وەزیری پۆڵەندا ماتەیوش مۆرۆڤیتیەسکی وتی هەوڵە سیاسییەکانی پۆڵەندا یارمەتیدەر بوون لە کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە بێلاڕوسەوە دەیانەوێت بێنە ئەوروپاوە، بەڵام پۆڵەندا و دراوسێکانی هۆشدارییاندا و وتیان قەیرانەکە هێشتا زۆری ماوە تەواو ببێت.

سەرۆک وەزیری پۆڵەندا وتی گفتوگۆی لەگەڵ حکومەتەکانی عێراق و تورکیا و ئۆزبەکستان و ئەوانی دیکەشدا کردووە.

وتەبێژێکی حکومەتی پۆڵەندا وتی ماتەیوش مۆرۆڤیتیەسکی ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆندا کۆدەبێتەوە، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی پۆڵەنداش وتیان پلان هەیە ماتەیوش لەگەڵ هەریەک لە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ و سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسندا کۆببێتەوە.

ڤۆن دێر لین ئاماژەشی بەوەدا یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ ئەمەریکا و کەنەدا و بەڕیتانیادا هەماهەنگی دەکەن لەسەر چۆنێتی وەڵامدانەوەی لوکاشینکۆ.

وتیشی بەمەبەستی ڕێگەگرتن لە گواستنەوەی کۆچبەران لەلایەن بێلاڕوسەوە، یەکێتی ئەوروپا لیستێکی ڕەش دروست دەکات بۆ ئەو کۆمپانیای گەشتانەی کە دەستیان هەبووە لە قاچاخچێتی کردن و بازرگانیکردن بە کۆچبەرانەوە.

جێی ئاماژەیە بێلاڕوس خێمەکانی سەر سنوورەکەی لەگەڵ پۆڵەندادا چۆڵکرد، ڕۆژی سێشەممە وتی نزیکەی 120 کۆچبەر لە 22 ی مانگی یانزەدا گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتی خۆیان، 22 کۆچبەری دیکەش بەنیازبوون بگەڕێنەوە.

بەڵام وتەبێژی پاسەوانی سنووری پۆڵەندا ئانا میشالسکا وتی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە نزیکەی 50 کۆچبەر هەوڵیانداوە لە سنوورەکە بپەڕنەوە.

لە شوێنێکی دیکەش گروپێکی هاوشێوە هەوڵیانداوە سنوورەکە ببەزێنن.

وتەبێژی دەزگای خزمەتگوزاری تایبەتی پۆڵەندا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هەندێک هەوڵی دووبارە هەن بۆ پەڕینەوە لە سنوورەکە و بەردەوامیش دەبن."

بەرپرسانی پۆڵەندا دەڵێن پێدەچێت هێشتا نزیکەی 10,000 کۆچبەر یاخود زیاتر لە بێلاڕوس مابێتنەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG