Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی لە داواکەی ئۆکرانیا دەکات بۆ چوونە پاڵ یەکێتییەکە


سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین
سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین

ڕۆژی هەینی یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی خۆی دەربڕی بۆ داواکانی ئۆکرانیا و ماڵدۆڤا بۆ چوونە پاڵ یەکێتییەکە.

سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " ئۆکرانییەکان ئامادەن لەپێناو ڕوانگەی ئەوروپیدا بمرن. دەمانەوێت لەگەڵماندا خەونی ئەوروپی بژین."

سەرەڕای ئەوەی ئەمە تەنها سەرەتای پڕۆسەیەکە کە ڕەنگە چەند ساڵێکی زۆر بخایەنێت، بەڵام کیێڤ دەخاتە سەر ئاڕاستەیەک کە چەند مانگێک لەمەوبەر مەحاڵ بوو.

چوار ڕۆژ دوای دەستپێکردنی هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، کیێڤ داوای ئەندامێتی کرد لە یەکێتی ئەوروپادا، چوار ڕۆژی دیکە دوای ئەوە ماڵدۆڤا و جۆرجیاش بە هەمان شێوە داوای ئەندامێتییان کرد لە یەکێتی ئەوروپا، ئەم وڵاتانەش هەموویان جیاخوازەکانیان تێدایە کە لەلایەن ڕووسیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی " بەدیاریکراویی بەهۆی ئازایەتی ئۆکرانیەکانەوە، ئەوروپا دەتوانێت مێژوویەکی نوێی ئازادی دروست بکات، لە کۆتاییشدا ناوچەی سەوز لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا لەنێوان یەکێتی ئەوروپا و ڕووسیادا لاببات."

یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا کە بووە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و خاپوورکردنی شار و شارۆچکەکانی ئەو وڵاتە و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس، ئەوە بوو ڕێگە لە پەرەسەندنی هاوپەیمانێتی ناتۆ بگرێت بەرەو ڕۆژهەڵات.

ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی هەینی تیشکی خستەسەر ئەوەی چۆن جەنگەکە کاریگەریی پێچەوانەی هەبووە: سوید و فینلەندا دەچنە ناتۆوە و ئێستاش یەکێتی ئەوروپا لەسەر لێواری فراوانبوونییەتی بەرەو ڕۆژهەڵات، لەکاتێکدا پێشوازی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا دەکات.

لەلای خۆیەوە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لە ڕاگەیاندنەکەی یەکێتی ئەوروپای کەم کردەوە و وتی " هیچ شتێک نیە دژایەتی بکەین. ' یەکێتیەکە ' هاوپەیمانێتییەکی سەربازیی نیە. مافی هەموو وڵاتێکە بیەوێت ببێتە ئەندام لە یەکێتییەکی ئابووریدا."

پێشبینی دەکرێت هەفتەی داهاتوو ڕابەرانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا پێشوازی لە بڕیاری کاندیدبوونی ئۆکرانیا بکەن بۆ ئەندامێتی لە یەکێتییەکەدا.

سەرۆکی ماڵدۆڤا مایا ساندو ستایشی ڕاگەیاندنەکەی یەکێتی ئەوروپای کرد و وتی " ئەمە ئاماژەیەکی بەهێزی پشتیوانییە بۆ ماڵدۆڤا و دانیشتوانمان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG