Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا پلانێک پەسەند دەکات بۆ ڕەوانەکردنی یەک ملیۆن تەقەمەنی تۆپهاوێژەکان بۆ ئۆکرانیا


وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ڕێککەوتن لەسەر پلانێکی 2 ملیار یۆرۆیی بۆ ڕەوانەکردنی یەک ملیۆن تۆپی تۆپهاوێژەکان بۆ ئۆکرانیا لە ماوەی ساڵی داهاتوودا، ئەوەش لە ڕێی پێدانی تەقەمەنییەکانی خۆیان و یەکگرتنیان بۆ کڕینی تەقەمەنی زیاتر.

وەزیری بەرگری ئیستۆنیا هانۆ پێڤکور لە پەراوێزی کۆبوونەوەیەکی وەزیرانی دەرەوە و بەرگری یەکێتی ئەوروپادا لە بڕۆکسل بە ڕۆژنامەنووسانی وت " گەیشتین بە کۆدەنگییەک بۆ ڕەوانەکردنی یەک ملیۆن تەقەمەنی 155 ملم."

وتیشی " هێشتا وردەکاری زۆر زۆر ماون چارەسەر بکرێن، بەڵام بۆ من گرنگترین شت ئەوەیە کە کۆتاییمان بەم گفتوگۆیانە هێنا و ئەوەش بۆ من یەک شت دەردەخات : ئەگەر خواستێک هەبێت، ڕێگەیەک هەیە."

پلانەکە کە لەلایەن وەزیرەکانەوە پەسەند کرا لە پێشنیارێکی بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵەوە سەرچاوەی گرتبوو بۆ خەرجکردنی 1 ملیار یۆرۆ لە تەقەمەنییەکاندا بۆ ئەوەی بەمزووانە بدرێت بە کیێڤ، یەک ملیاری دیکەش تەرخان دەکرێت بۆ ئەوەی پێکەوە بە کۆمەڵ تەقەمەنییەکان پەیدا بکەن و بیدەن بە ئۆکرانیا.

کڕینی تەقەمەنییەکان لەلایەن وڵاتانی یەکێتییەکەوە تەنها دەبێت لە کۆمپانیاکانی نەرویج و یەکێتی ئەوروپاوە بێت، نەرویج پەیوەندییەکی ئابووری نزیکی لەگەڵ یەکێتییەکەدا هەیە.

هەندێک لە حکومەتەکانی وڵاتانی یەکێتییەکە ویستیان بتوانرێت لە دەرەوەی یەکێتییەکەشەوە تەقەمەنی بکڕدرێت و ئەوەش یارمەتیدەر دەبێت لەوەدا کە زووتر تەقەمەنییەکان بگەنە دەستی ئۆکرانیا. بەڵام ئەوانی دیکە دەڵێن پارەکە دەبێت بڕوات بۆ کۆمپانیاکانی یەکێتی ئەوروپا و سووربوون لەسەر ئەوەی توانای ئەوەیان هەیە لە ئاست داواکارییەکاندا بن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG