Accessibility links

دیبلۆماتکاران دەڵێن یەکێتی ئەوروپا ئارەزوو دەکات تاوەکو کۆتایی ساڵ نەوتی ڕووسیا قەدەغە بکات


دوو دیبلۆماتکاری یەکێتی ئەوروپا وتیان یەکێتی ئەوروپا ئارەزووی ئەوە دەکات تاوەکو کۆتایی ساڵ هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا بۆ یەکێتییەکە قەدەغە بکات، ئەمەش دوای گفتوگۆکانی نێوان کۆمسیۆنی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیەکەدا.

یەکێتی ئەوروپا کۆمەڵێک سزای دیکە دژی ڕووسیا ئامادە دەکات کە ئەمەش دەبێتە شەشەمین جار یەکێتیەکە لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا سزا بەسەر مۆسکۆدا بسەپێنێت.

پێشبینی دەکرێت سزاکان نەوتی ڕووسی و بانکەکانی ڕووسیا و بێلاڕووس و کەس و لایەن و کۆمپانیای زیاتر بکەنە ئامانج.

کۆمسیۆنی ئەوروپا کە هەماهەنگی دەکات لە وەڵامدانەوەی یەکێتیەکە بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا، لەگەڵ کۆمەڵێک وڵاتی یەکێتی ئەوروپادا کۆبوونەوەی ئەنجامدا، لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی چوارشەممەشدا لەگەڵ باڵیۆزەکانی یەکێتیەکەدا هەوڵدەدات سزاکانی سەر ڕووسیا پتەوتر بکات.

بڕیارە ڕۆژی دووشەممەش وەزیرانی وزەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە بڕۆکسل کۆببنەوە و تاوتوێی بابەتەکە بکەن.

دیبلۆماتکارەکانی یەکێتی ئەوروپا وتیان هەندێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا توانیویانە کۆتایی بە بەکارهێنانی نەوتی ڕووسی بهێنن پێش کۆتایی ساڵی 2022 ، بەڵام وڵاتانی دیکە و بەتایبەتی زیاتر وڵاتانی باشووری یەکێتیەکە، نیگەرانن سەبارەت بە کاریگەریی قەدەغەکردنەکە لەسەر نرخەکان.

دیبلۆماتکارەکان وتیان لە ماوەی ڕابردوودا ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە پشتبەستنی بە نەوتی ڕووسی کەم کردۆتەوە و دەیەوێت تاوەکو کۆتایی ساڵی 2022 چیتر نەوتی ڕووسیا هاوردە نەکات. بەڵام وڵاتانی وەکو نەمسا و هەنگاریا و ئیتاڵیا و سلۆڤاکیا تێبینیان هەبووە.

ڕاوێژکارێکی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز وتی ئەڵمانیا پشتیوانی لە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا دەکات لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە، بەڵام پێویستی بە چەند مانگێکی کەم هەیە تاوەکو جێگرەوەیەکی بۆ دەدۆزێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG