Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا سەپاندنی سزا بەسەر ڕووسیادا پەسەند دەکات


بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆسێپ بۆڕێڵ
بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆسێپ بۆڕێڵ

یەکێتی ئەوروپا سەپاندنی سزای نوێی بەسەر ڕووسیادا پەسەند کرد کە پێدەچێت سیاسەتمەدار و یاسادانەران و بەرپرسانی دیکەی ڕووسیا بخاتە لیستی ڕەشەوە، هەروەها بازرگانیکردنی وەبەرهێنەرەکانی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ ڕووسیادا قەدەغە دەکەن و هەناردە و هاوردەی جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەکەنە ئامانج.

بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا دوابەدوای کۆبوونەوەیەک لە پاریس وتی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا بڕیاریانداوە سزا بەسەر سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتندا نەسەپێنن.

بۆڕێڵ وتی بڕیارەکەی ڕووسیا بۆ ناساندنی دوو هەرێمەکەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا وەکو دوو هەرێمی سەربەخۆ پێشێلکردنی سەروەری خاکی ئۆکرانیاوە و جێی قبوڵکردن نیە.

بۆڕێڵ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیاندا لە پاریس وتی " ئەم سزایانە کە بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کراون زیان بە ڕووسیا دەگەیەنن، زیانێکی گەورەی پێدەگەیەنن."

لەلایەکی دیکەوە سەرۆک وەزیری ئیستۆنیا کاجا کالاس بە ڕۆیتەرزی وت دوژمنکاری زیاتری ڕووسیا دژی ئۆکرانیا دەبێتە هۆی سەپاندنی سزای زیاتر، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریکادا.


سزاکان سەرجەم ئەو ئەندامانەی پەرلەمانی ڕووسیا دەکەنە ئامانج کە لە بەرژەوەندی ناساندنی دوو هەرێمەکەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەنگیانداوە، سەرمایەکانیان لە یەکێتی ئەوروپا سڕ دەکرێت و گەشتکردنیان بۆ یەکێتی ئەوروپا قەدەغە دەکرێت.
هێشتا ڕوون نیە کەی سزاکان جێبەجێ دەکرێن، بەڵام دیبلۆماتکاران پێشبینی ئەوە دەکەن لە چەند کاتژمێری داهاتوو یاخود چەند ڕۆژی داهاتوودا سزاکان جێبەجێ بکرێن، کاتێک ناو و وردەکارییەکان ئاشکرا دەکرێن.

بۆڕێڵ وتی " 27 کەس و لایەنی ڕووسی دەکەینە ئامانج کە ڕۆڵیان هەبووە لەوەی سەروەری و سەربەخۆیی خاکی ئۆکرانیا بخەنە مەترسییەوە."

بۆڕێڵ ئەوەشی ئاشکرا کرد ئەو کەس و لایەنانە لە کەرتی بەرگری و بانک و دارایی ڕووسیادان.

بۆڕێڵ وتی " توانای دەوڵەتی ڕووسیا و حکومەتەکەی دەکەینە ئامانج تاوەکو دەستیان ڕانەگات بە بازاڕی دارایی و خزمەتگوزارییەکانمان."

ئەو بانکانەشی کە دەستیان هەیە لە پشتیوانیکردنی چالاکییەکانی جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەکرێنە ئامانج.

یەکێتی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکدا وتی " دوو هەرێمەکەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا پێدەچێت لە بازرگانی سەربەخۆی نێوان یەکێتی ئەوروپا و ئۆکرانیادا لاببرێن، ئەوەش بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە لەوەی ئەوانەی بەرپرسیارن بەتەواوەتی هەست بە دەرەنجامی کارە نایاسایی و دوژمنکارییەکانیان بکەن."

هاوکات بۆڕێڵ پیرۆزبایی لە بڕیارەکەی ئەڵمانیا کرد بۆ ڕاگرتنی پڕۆژەی هێڵی بۆری گازی نۆرد ستریم 2 ی ڕووسی، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لینیش بڕیارەکەی ئەڵمانیای بەرز نرخاند.

یەکێتی ئەوروپا پێشتریش ئاماژەی بەوەدا بوو " سزای گەورە " دەسەپێنێت بەسەر ڕووسیادا ئەگەر مۆسکۆ ئۆکرانیا داگیربکات، بەڵام ئاماژەشی بەوەداوە بەهۆی پەیوەندییە نزیکەکانی یەکێتی ئەوروپا و ڕووسیاوە لەبواری بازرگانی و وزەدا، دەیەوێت قۆناغ بە قۆناغ بجوڵێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG