Accessibility links

ئیسیوپیا بەڵێن دەدات " کۆتایی " بە جەنگەکە بهێنێت لە کاتێکدا هێزەکانی تیگرای ئامادەی گفتوگۆکانی ئاشتی دەبن


هەرێمی تیگرای، باکووری ئیسیوپیا
هەرێمی تیگرای، باکووری ئیسیوپیا

بەرپرسانی بەرەی ئازادی گەلی تیگرای دەڵین ئامادەی گفتوگۆکانی هەفتەی داهاتوو دەبن کە ئامانج لێیان کۆتایی هێنان بە جەنگەکەیانە لەگەڵ حکومەتی ئیسیوپیادا، ئەمەش لە کاتێکدا کە سەرۆک وەزیری ئیسیوپیا ئابی ئەحمەد بەڵێنیدا لەسەر ئەوەی " شەڕەکە کۆتایی دێت و ئاشتی سەردەکەوێت."

حکومەتی ئیسیوپیاش بە هەمان شێوە وتوویەتی بەشداری لە گفتوگۆکانی ئاشتی دەکات لە ئەفریکای باشوور کە لەلایەن یەکێتی ئەفریکاوە ڕێکخراوە.

وتەبێژی هێزەکانی تیگرای کیندەیا گیبریهیوت کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا بەشداری لە گفتوگۆکانی 24 ی مانگی 10 دا دەکەن، بە دەزگای هەواڵی فرانسی گوت " شاندەکەمان ئامادە دەبێت."

فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاگربەست لە نێوان هێزەکانی تیگرای و هێزەکانی حکومەتی ئیسیوپیادا زیادییان کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی یەکێتی ئەفریکا لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا شکستی هێنا لە ڕازیکردنی دوو لایەنە ڕکابەرەکە بۆ گفتوگۆکردن، هەروەها شەڕ و پێکدادانەکانیش لە هەرێمی تیگرای باکووری ئیسیوپیا زیاتر بوون.

هەفتەی ڕابردوو حکومەتی ئیسیوپیا بەڵێنیدا فڕۆکەخانە و دامەزراوە فیدڕاڵییەکانی دیکە لە هەرێمی تیگرای کۆنتڕۆڵ بکاتەوە، لە کاتێکدا کە هێزەکانی ئیسیوپیا و هێزەکانی ئیریتریای هاوپەیمانی کۆمەڵێک شارۆچکەیان لە تیگرای کۆنتڕۆڵ کردەوە و هاوڵاتیانی مەدەنی ناچار بوون هەڵبێن.

سەرۆک وەزیری ئیسیوپیا ئابی ئەحمەد کە لە 20 ی مانگی یانزەی ساڵی 2020 دا هێزەکانی ڕەوانەی تیگرای کرد تاوەکو لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی تیگرایدا دەریبکات، گوتی " جەنگەکە تەواو دەبێت و ئاشتی سەردەکەوێت."

گوتی " ئاشتی دەکەوێتەوە لە ئیسیوپیا، تا هەتایە بەردەوام نابین لە شەڕکردن. هیوادارم ئەو ڕۆژەی کە لەگەڵ براکانمان لە تیگرای دەوەستین و پێکەوە بۆ گەشەپێدان کاردەکەین نزیک بێت."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG