دوابەدوای زیندانیکردنی سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ، سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت هەر هەڵەیەک هەبێت دادگاکان لە پڕۆسەی پێداچوونەوەی بڕیارەکەدا چاکی دەکەن، وتیشی لە هەمان کاتدا تورکەکان مافی ئەوەیان نیە بڕیارە یاساییەکان پشتگوێ بخەن.
لە یەکەمین لێدوانی ڕاستەوخۆیدا سەبارەت بە تاوانبارکردنی سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ ئەکرەم ئیمامئۆغلۆی سەر بە حزبی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا و یەکێکە لەو کەسانەی ئەگەری هەیە ببێتە ڕکابەری ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکاندا و سزای زیندانیکردنی دوو ساڵ و حەوت مانگی بەسەردا سەپێندرا، ئەردۆغان وتی گرنگ نیە بەلایەوە کێ دەبێتە کاندیدی ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوودا.
ئیمامئۆغلۆ بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە بەرپرسانی گشتی تاوانبار کرا، لە ساڵی 2019 دا ئیمامئۆغلۆ ڕەخنەی لە بڕیاری ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکان گرت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی کە تیایدا سەرکەوتنی بەسەر پارتی داد و گەشەپێدانی ئەردۆغاندا هێنا، دوای ئەوەی هەڵبژاردنەکان دووبارە بەڕێوەچوونەوە، جارێکی دیکەش بە هەمان شێوە سەرکەوتنی بە دەستهێناوە و وەکو سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ دەستنیشان کرا.
ئەردۆغان وتی " هێشتا هیچ بڕیارێکی کۆتایی دادگا نەدراوە. دۆسییەکە دەڕوات بۆ دادگای پێداچوونەوە و دادگای باڵای پێداچوونەوە. ئەگەر دادگاکان هەڵەیەکییان کردبێت ئەوا چاک دەکرێتەوە. ئەوان دەیانەوێت ڕامانبکێشنە ئەم یارییەوە."
تاوانبارکردنی ئیمامئۆغلۆ حزبی ئۆپۆزسیۆنی تورکیای لە دەوری ئەوە کۆکردەوە کە وەکو شەڕکردن بۆ دیموکراسی و سەروەری یاسا و داد دەبیندرێت. هەزاران کەس گردبوونەوتەوە ناڕەزاییان دەربڕیوە دژی بڕیارەکەی دادگا، هاوکات ئیمامئۆغلۆش وتوویەتی کە پلانی هەیە داوای پێداچوونەوە بە بڕیاری دادگاکەدا بکات.
ئەردۆغان لە گردبوونەوەیەکدا لە ماردین وتی " بڕیاری زۆری دادگا هەبوون کە بە توندی ڕەخنەمان لە خۆمان گرتووە لەسەرییان، بەڵام ئەوە ماف بە کەس نادات سوکایەتی بە دادوەران بکات یاخود بڕیارەکانی دادگا پشتگوێ بخات."
ڕەخنەگران دەڵێن دەسەڵاتی دادوەری تورکیا لە بەرژەوەندی خواستی ئەردۆغان کار دەکات بۆ سزادانی ئەو کەسانەی ڕەخنە لە ئەردۆغان دەگرن. حکومەتی تورکیاش دەڵێت دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکان سەربەخۆن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
دوای سزادانی سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ ئەردۆغان دەڵێت هەر هەڵەیەک هەبێت دادگاکان چاکی دەکەنەوە
