Accessibility links

ئەردۆغان: سعودیە گرنگی بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکی دەدات


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان ڕایگەیاند سعودیە داوایەکی پێشکەشکردووە بۆ کڕینی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکی.

لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە، ئەردۆغان وتی " سعودیە داوایەکی پێشکەشکردووە بۆ کڕینی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی جەنگی تورکی."

هاوکات ئەردۆغان ڕەخنەی لە مانۆڕە ئاسمانیە هاوبەشەکانی یۆنان و سعودیە گرت کە وابڕیارە بەمزووانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەند ئەنجام بدرێت.

وتی " کێ چی دەوێت. شتەکان ڕوون نین."

ئەم لێدوانەی ئەردۆغان لەکاتێکدایە تورکیا دەستپێشخەرییەکانی زیاتر کردووە بۆ کرانەوە لەگەڵ سعودیە و هاوپەیمانەکانی سعودیەدا کە چەند ساڵێکە گرژیی کەوتۆتە نێوانیانەوە.

هەفتەی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغڵو وتی " هیچ هۆکارێک نیە بۆ باش نەکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سعودیەدا."

چەند ڕۆژێکیش لەمەوبەر وەزارەتی دەرەوەی تورکیا " نیگەرانی " خۆی دەربڕی لەسەر هێرشەکانی سەر دامەزراوە نەوتیەکانی سعودیە.

گرژییەکانی نێوان ئەنقەرە و ڕیاز بەشێوەیەکی بەرچاو لە ساڵی 2017 دا زیادیکرد، ئەوەش دوای ئەوەی تورکیا پشتیوانی لە قەتەڕ کرد لە ناکۆکیەکانی نێوان سعودیە و قەتەڕدا.

دواتریش کوژرانی ڕۆژنامەنووسی سعودیە جەمال خاشقچی لە ساڵی 2018 دا لە ناو کونسوڵخانەی سعودیە لە ئستەنبوڵ گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەی زیاتر کرد. بەرپرسانیش شازادەی جێنشینی سعودیەیان تۆمەتبارکرد بە تۆمەتی هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ جێبەجێکردنی تاوانەکە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG