دەزگای ڕاگەیاندنی تورکیا بڵاویکردەوە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت تورکیا پێویستە سوود لە کێشە یاساییەکانی سیناتۆری ئەمەریکایی باب مێنیندێز وەربگرێت و بیگۆڕێت بۆ دەرفەتێک و سوودی لێببینێت لە داواکەیدا بۆ کڕینی فڕۆکەی شەڕکەری ئەمەریکایی F-16. مێنیندێز لە مێژە ڕەخنەگرێکی سەرسەختی حکومەتەکەی ئەردۆغانە.
ئەردۆغان بە ڕۆژنامەنووسانی وت " نەمانی مێنیندێز لە وێنەکەدا سوودێکە." ئەوەش دوای ئەوەی سیناتۆرە بەهێزەکەی ئەمەریکا ڕووبەڕووی تۆمەتی بەرتیل وەرگرتن بووەتەوە لەلایەن سێ بازرگانی نیوجێرزییەوە.
مێنیندێز کە سیناتۆرێکی دیموکراتەکانە و بۆ ماوەیەکی کاتی دەستبەرداری پۆستەکەی بووە وەکو سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات، لە مێژە دژایەتی ئەگەری فرۆشتنی فڕۆکەی F-16 ی ئەمەریکایی دەکات بە تورکیا. هاوکات ڕەخنەی لە تۆمارەکانی ئەردۆغان گرتووە سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ.
مێنیندێز بەڵێنیداوە لە کۆنگرێس بمێنێتەوە و ڕەتی دەکاتەوە هیچ کارێکی هەڵەی کردبێت.
ئەردۆغان وتی " سوودێک هەیە لە گۆڕینی ئەم دۆخە بۆ دەرفەتێک. نەک تەنها لەسەر F-16، بەڵکو لەسەر سەرجەم ئەو پرسانەی کە مێنیندێز و بیرە هاوشێوەکانی ئەو بەربەستییان دژی ئێمە خستوونەتە بەردەم."
بەپێی ڕۆژنامەی The Hill، ئەردۆغان بە ڕۆژنامەنووسانی وتووە " یەکێک لە گرنگترین کێشەکانمان سەبارەت بە فڕۆکەکانی F-16 چالاکییەکانی سیناتۆری ئەمەریکایی باب مێنیندێز بوو دژی وڵاتەکەمان."
وتیشی " دەرچوونی مێنیندێز سوودێکمان پێدەگەیەنێت، بەڵام پرسی F-16 پرسێکە تەنها پەیوەست نیە بە مێنیندێزەوە."
ئەردۆغان باسی لەوەش کرد کە تورکیا ڕازیبووە بە پەسەندکردنی داواکەی سوید بۆ ئەندامێتی لە ناتۆدا و دەبێت کۆشکی سپیش بەڵێنەکەی لەسەر فرۆشتنی فڕۆکەی F-16 بە تورکیا جێبەجێ بکات.
ئەردۆغان وتی " ئێستا پێشبینی وەڵامێکی ڕوون دەکەین لە ئەمەریکاوە سەبارەت بەو پرسە. هیوادارین بەبێ هیچ دواکەوتنێکی دیکە ئەنجامی ئەرێنیمان دەستبکەوێت."
لە مانگی 10 ی ساڵی 2021 دا تورکیای ئەندام لە ناتۆ داوای کڕینی 40 فڕۆکەی شەڕکەری F-16 ی کۆمپانیای لۆکهید مارتنی ئەمەریکا و 79 پێداویستی نوێکردنەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی کرد. بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک بایدن پشتگیری لەو فرۆشتنە دەکات کە بەهاکەی دەگاتە 20 ملیۆن دۆلار.
ئەردۆغان وتیشی بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن فرۆشتنی فڕۆکەکانی بە تورکیا بەستووەتەوە بە پەسەندکردنی داواکەی سویدەوە بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ لەلایەن تورکیاوە. تورکیا داواکەی سوید پەسەند دەکات ئەگەر بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا بەڵێنەکەی بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی F-16 بە تورکیا جێبەجێ بکات.