Accessibility links

ئەردۆغان دەڵێت دواجار سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل وەکو تاوانکاری جەنگ دادگایی دەکرێت


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو دواجار وەکو تاوانکاری جەنگ دادگایی دەکرێت، لەسەر هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە. لە هەمان کاتیشدا ڕەخنەی توندی لە ڕۆژئاوا گرت لەسەر پشتگیرییکردنی ئیسڕائیل.

تورکیا کە پشتگیری لە چارەسەری دوو دەوڵەت دەکات بۆ ململانێ درێژخایەنەکەی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستینییەکان، بە شێوەیەکی بەرچاو و توند ڕەخنەی لە ئیسڕائیل گرتووە لەسەر هەڵمەتە سەربازییەکەی لە غەززە، کە وەکو وەڵامێکە بۆ هێرشەکانی چەکدارانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل. بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن زیاتر لە 15,500 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە کوژراون.

ئەردۆغان لە وتارێکیدا لە کۆبوونەوەکەی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامیدا لە ئیستەنبوڵ، وتی ئەو وڵاتانەی ڕۆژئاوا کە پشتیوانی لە ئیسڕائیل دەکەن " پشتگیریییەکی بێ مەرجییان داوە بە ئیسڕائیل بۆ کوشتنی کۆرپەکان " و دەستییان هەیە لە تاوانەکانی ئیسڕائیلدا.

ئەردۆغان وتی " لەسەروو ئەوەشەوە کە تاوانکاری جەنگە، نەتانیاهو ئێستا قەسابی غەززەیە، وەکو قەسابی غەززەش دادگایی دەکرێت، هەر وەکو چۆن میلۆسێڤیچ دادگایی کرا." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ سەرۆکی پێشووی یوگسلاڤیا سلۆبۆدان میلۆسێڤیچ کە بە تۆمەتی کۆمەڵکوژی و تاوان دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە هاگ دادگاییکرا.

وتی " ئەوانەی هەوڵ دەدەن خۆیان بدزنەوە لە مەرگی ئەم هەوو هاووڵاتییە بێتاوانە لە ڕێی بەکارهێنانی حەماسەوە وەکو پاساوێک، هیچ شتێکییان نەماوە بە مرۆڤایەتی بڵێن." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا کە ئەردۆغان دەڵێت " نابیست و کوێرن."

بە پێچەوانەی زۆربەی هاوپەیمانەکانی ڕۆژئاوا و هەندێک لە وڵاتانی کەنداوەوە، تورکیا حەماس بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نازانێت و میوانداری هەندێک لە ئەندامەکانی کردووە.

ئەردۆغان کە پارتە فەرمانڕەواکەی ڕەگ و ڕیشەی ئیسلامییە، وتی گروپی پەیوەندییەکانی وڵاتانی موسوڵمان، کە مانگی ڕابردوو لەلایەن ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی و کۆمکاری عەرەبییەوە پێکهێندرا، دەبێت لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەوانی دیکەدا قسە لەسەر غەززە بکات، بەردەوامیش دەبێت لە گفتوگۆکان تاوەکو شەڕەکەی ناو غەززە دەوەستێت، بەڵام وتی دەبێت کاری زیاتر بکرێت.

ئەردۆغان وتی " لە نێو ئەم چوارچێوەی کارەدا دەبێت بە دڵنیاییەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بکەین." وتیشی جبەخانە ئەتۆمییەکەی ئیسڕائیل نابێت لە بیربکرێت.

ئەردۆغان کە لە مێژە داوا دەکات چاکسازی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بکرێت، وتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تاقیکردنەوەکەی غەززەدا شکستی هێناوە و داوای کرد بەپەلە چاکسازی بکرێت، دووبارە جەختی لەوە کردەوە کە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەمەریکا، ڕووسیا، چین، بەڕیتانیا و فەڕەنسا، نوێنەرایەتی جیهان ناکەن.

وتی " هەوڵە جددییەکانی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە تێکدران. هیچ کامێکمان پێویست ناکات ئەم سیستمە قبووڵ بکەین."

وتیشی " ڕێی تێناچێت ئەو جۆرە پێکهاتەیە ئاشتی یاخود هیوا بهێنێت بۆ مرۆڤایەتی."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG