Accessibility links

ئەردۆغان دەڵێت ڕابەرێکی داعش لەلایەن دەزگاکانی هەواڵگری تورکیاوە لە سوریا کوژراوە


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت هێزە هەواڵگرییەکانی تورکیا ڕابەری ڕێکخراوی داعش ئەبو حوسەین ئەل قوڕەیشییان لە سوریا کوشتووە.

ئەردۆغان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی تی ئاڕ تی تورکدا وتی " ئەم کەسە دوێنێ لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی ڕێکخراوی هەواڵگری نیشتیمانی تورکیادا لە سوریا کوژراوە."

ئەردۆغان وتی ڕێکخراوە هەواڵگرییەکە ماوەیەکی زۆرە بە شوێن قوڕەیشییەوەیە.

سەرچاوە ناوخۆیی و ئاسایشییەکانی سوریا وتیان هێرشەکە لە شارۆچکەی جیندریسی باکووری سوریا ئەنجام دراوە، ناوچەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەو گروپە چەکدارییانەی سوریادایە کە تورکیا پشتیوانییان لێدەکات، یەکێکیش بووە لەو شوێنانەی کە بەهۆی بومەلەرزەکەی 6 ی مانگی دووەوە زیانێکی گەورەی بەرکەتووە.

سوپای نیشتیمانی سوریا کە فراکسیۆنێکی ئۆپۆزسیۆنە و بوونی سەربازیی لە ناوچەکەدا هەیە، تاوەکو ئێستا لێدوانی لەسەر ئەو بابەتە نەداوە.

دانیشتوویەکی ناوچەکە وتی شەوی شەممە شەڕ و پێکدادانەکان دەستیپێکردووە و کاتژمێرێک بەردەوام بووە، وتیشی دواتر دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە بیستراوە.

دواتر هێزەکانی ئاسایش تەوقی ناوچەکەیانداوە تاوەکو نەهێڵن هیچ کەسێک لە شوێنەکە نزیک ببێتەوە.

ڕێکخراوی داعش لە مانگی یانزەی ساڵی 2022 دا قوڕەیشی وەکو ڕابەری نوێی ڕێکخراوەکە دەستنیشان کرد، ئەوەش دوای ئەوەی ڕابەرەکەی پێشووی داعش لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە باشووری سوریا کوژرا.

لە ساڵی 2014 دا داعش خاکێکی بەرفراوانی لە سوریا و عێراق کۆنتڕۆڵ کرد، ڕابەری ئەو کاتەی داعش، ئەبوبەکر بەغدادی خەلافەتێکی ئیسلامی لە سەرانسەری ئەو ناوچانەدا ڕاگەیاند.

بەڵام دوای هەڵمەتە سەربازییەکانی هێزەکانی ناو سوریا و عێراق کە ئەمەریکا پشتیوانی لێدەکردن و هێزەکانی سوریاش کە ئێران و ڕووسیا پشتیوانییان لێدەکردن، داعش ناوچەکانی لە دەستدا.

هاوپەیمانێتی دژ بە داعش بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا شان بە شانی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە کوردەکانی سوریا ڕابەرایەتی دەکەن تاوەکو ئێستا هێرش دژی بەرپرسانی داعش لە سوریا ئەنجام دەدەن.

لە هەندێک حاڵەتدا، کەسایەتییەکی دیاری داعش کە کراوەتە ئامانجی ئەو هێرشانە لەو ناوچانەدا خۆی حەشارداوە کە تورکیا دەسەڵاتێکی سەرەکی هەیە تیایاندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG