Accessibility links

ئەردۆغان: بە ئەندازەی ڕۆژئاوا متمانەم بە ڕووسیاش هەیە


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، نیویۆرک
سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، نیویۆرک

لە ماوەی لێدوانێکیدا سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت بە ئەندازەی وڵاتانی ڕۆژئاوا متمانەی بە ڕووسیا هەیە.

ئەردۆغان سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پوتندا وتی شکستی هێناوە لەوەدا کە پوتن ڕازی بکات ڕێککەوتنی دانەوێڵە دەستپێبکاتەوە. لە مانگی حەوتدا مۆسکۆ لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە کە ڕێگەی دابوو ئۆکرانیا دانەوێڵەکەی لە بەندەرەکانییەوە لە ڕێی دەریای ڕەشەوە هەناردەی دەرەوە بکات.

ئەردۆغان لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی پی بی ئێسی ئەمەریکادا لە نیویۆرک وتی " هیچ هۆکارێکم نییە متمانەیان پێنەکەم."

وتیشی " بە ئەندازەیەک ڕۆژئاوا پشتی پێدەبەسترێت، ڕووسیاش بە هەمان ئەندازە پشتی پێدەبەسترێت. لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا ئێمە لەبەردەم دەرگای یەکێتی ئەوروپادا چاوەڕێ دەکەین، لەم کاتەی ئێستادا، بە ئەندازەی متمانەم بە ڕۆژئاوا متمانەم بە ڕووسیا هەیە."

ئاماژەشی بەوەدا " ڕووسیا یەکێکە لە نزیکترین دراوسێکانمان. مێژوویەکی هاوبەشیشمان هەیە."

لە ماوەی داگیرکارییەکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا، تورکیا پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ هەردوو وڵاتەکەدا پاراستووە. لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوودا تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان نێوەندگرییان کرد لە نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیادا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی دانەوێڵە، بەپێی ڕێککەوتنەکە، دانەوێڵەکەی ئۆکرانیا بە پارێزراویی بە دەریای ڕەشدا هەناردەی دەرەوە دەکرا.

ئەردۆغان بە مەبەستی ئامادەبوونی لە کۆبوونەوەی گشتی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە نیویۆرکە، لە ماوەی ڕابردوودا پێش ئەوەی گەشت بکات بۆ ئەمەریکا وتی تورکیا دەتوانێت کۆتایی بە داوا 24 ساڵەییەکەی بهێنێت بۆ پەیوەندیکردن بە یەکێتی ئەوروپاوە.

بەڵام ڕۆژی دووشەممە بە پێچەوانەوە لە بۆنەیەکدا لە نیویۆرک وتی " بەردەوام دەبین لە جەختکردنەوە لە گرنگیی بوژاندنەوەی پڕۆسەی بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپادا."

وتیشی " ئەوە وەکو دەرفەتێک دەبینین کە هەیە بۆ بوژاندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا، لە کاتیکی هەستیاردا."

ئەردۆغان لە هەمان کاتیشدا باسی لە باشبوونی پەیوەندییەکان کرد لەگەڵ ئەمەریکادا و وتی " دڵخۆشین بە بەرەوپێشچوونەکان لە هاریکارییەکانماندا لەگەڵ ئەمەریکا. لە ماوەی گفتوگۆکاندا لەگەڵ بەڕێز بایدندا زۆربەی کێشە چەقبەستووەکانمان چارەسەر کرد و بڕیارمانداوە گفتوگۆی زیاتر ئەنجام بدەین."

سەبارەت بە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیاش، ئەردۆغان وتی " زۆر ڕوونە کە ئەم جەنگە درێژخایەن دەبێت، بەڵام شتە باشەکە ئەوەیە کە سەرۆکی ڕووسیاش دەیەوێت بە زووترین کات ئەم جەنگە تەواو ببێت."

XS
SM
MD
LG