سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان داوا دەکات چاکسازی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بکرێت و سەرکۆنەی ئەوی کرد کە ئەمەریکا توانی مافی ڤیتۆ بەکاربهێنێت دژی پێشنیارێک بۆ ئاگربەست لە غەززە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئەو پێشنیارە لەلایەن وڵاتانی دیکەی ئەنجومەنەکەوە پشتگیری لێکرابوو.
ئەردۆغان لە کۆنفرانسێکی مافەکانی مرۆڤدا لە ئیستەنبوڵ وتی "داواکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاگربەست تەنها لەلایەن ڤیتۆی ئەمەریکاوە ڕەت کرایەوە. ئەمە دادپەروەرییە؟"
وتیشی " دەبێت چاکسازی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بکرێت."
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕۆژی شەممە ڤیتۆی ئەمەریکای لەسەر بڕیارنامەی پێشنیارکراوی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاگربەستی مرۆیی دەستبەجێی لە غەززە بە "بێ هیوای تەواو" ناودێر کرد.
ئەمەریکا و ئیسرائیل دژی ئاگربەستن، چونکە پێیان وایە ئاگربەستەکە تەنها سوودی بۆ حەماس دەبێت. واشنتن لەبری ئەوە پشتگیری لە وەستانەکانی شەڕ دەکات بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و ڕێگەدان بە ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لەلایەن حەماسەوە لە کاتی هێرشەکەی 7ی مانگی دە بۆ سەر ئیسرائیل گیراون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز