Accessibility links

ئەنەس کەنتەر: بەهۆی هەڕەشەی کونسوڵخانەی تورکیا لە نیویۆرک خولێکی ڕاهێنانی هەڵوەشێنراوەتەوە


ئەنەس کەنتەری بە ڕەچەڵەک تورک و یاریزانی تۆپی باسکەی تیپی بۆستن سەڵتیکسی ئەمەریکایی دەڵێت بەهۆی هەڕەشەی کونسوڵخانەی تورکیا لە شاری نیویۆرک، ڕاهێنانێکی بۆ کۆمەڵێک منداڵ هەڵوەشێنراوەتەوە.

ئەنەس لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" بە دڵێکی پـڕ لە حەسرەتەوە دەنووسم، بڕیاربوو لە کۆتایی ئەم هەفتەیە بە خۆڕایی خولێکی ڕاهێنان بۆ یاری تۆپی باسکە بکەمەوە لە سەنتەری ئیسلامی لۆنگ ئایلاند لە شاری لۆنگ ئایلاندی نیویۆرک. ئەوە دەبووە 34 هەمین خولی ڕاهێنانم بە خۆڕایی لە زیاتر لە 25 ویلایەت لەم هاوینەدا. ئەم خولانە دەکەمەوە وەک کارێکی چاکە بۆ هەموو پـێکهاتەکان، ئیدی جوو بێت یان موسڵمان یان کرستیان یانیش بێ باوەڕ، بۆیە زۆر دڵگرانم بەوەی سەنتەری ئیسلامی لە لۆنگ ئایلاند بڕیاری دا ڕاهێنانەکەم هەڵبوەشێنێتەوە پاش ئەوەی کونسوڵخانەی تورکیا لە نیویۆرک هەڕەشەی لە مزگەوتەکەی کردبوو و خەڵکیان لە تورکیاوە هاندا تەلەفۆن بۆ مزگەوتی سەنتەرەکە بکەن و نامەی هەڕەشەئامێز جێبهێڵن، زۆر نائومێد بووم بەوەی لە بری ئەوەی مزگەوتەکە پەیوەندی بە پـۆلیسەوە بکات بۆ سکاڵاکردن لەسەر هەڕەشەی ئەو کەسانە، کەچی لە ئاست ئەو دیکتاتۆرە و ڕژێمەکەی چۆکی دادا و بڕیاری دا شتێکی ئەرێنی بۆ منداڵان هەڵبوەشێنێتەوە."

کاثلین ڕایس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لەم بارەیەوە لەسەر تویتەرەکەی نووسی" ئەمە جێی شەرمە. ئۆفیسەکەم لەگەڵ ئەنەس کەنتەر کاردەکات بۆ دۆزینەوەی شوێنێکی دیکەی نزیک بۆ کردنەوەی خولەکە. ئەو منداڵانە شایستەی ئەم هەلەن." پاشان نووسیویەتی چاوەڕوانبن.

کونسوڵخانەی تورکیا لە نیویۆرک لەسەر تویتەرەکەی تەنیا ئەنەس کەنتەری بە لایەنگری فەتحوڵڵا گولەن ناودێرکرد لە ڕێگەی دووبارە بڵاوکردنەوەی تویتێکی کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی حکومەتی وڵاتەکەیان.

جێی ئاماژەیە ئەنەس کەنتەر ناسراوە بەوەی ڕەخنەگرێکی توندە لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و پـێشتر بە هیتلەری ئەم سەدەیە ناودێری کردووە.

هەروەها لەو ماوەیەی پـێشوو پـڕۆپاگەندەیەک بڵاوبوویەوە گوایە ئەردۆغان جەڵتەی دڵ لێداوە، ئەویش لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی"جەڵتەی دڵ لێی نادات چونکە دڵی نیـیە"

XS
SM
MD
LG