Accessibility links

لێکۆڵینەوەکانی کۆنگرێس لەسەر سەرۆک ترامپ تەوەرێکی سەرەکی دیبەیتی دیموکراتەکان بوو


Election 2020 Debate
Election 2020 Debate

دیموکراتەکان شەوی ڕابردوو دیبەیتێکی دیکەیان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 ئەنجام دا و مەسەلەی لێکۆڵینەوەکانی کۆنگرێس لەسەر سەرۆک ترامپ تەوەرێکی سەرەکیـیان بوو.

دیبەیتەکە لە شاری ئەتلەنتای پایتەختی ویلایەتی جۆرجیا بەڕێوەچوو و تیایدا لە کۆی 17 کاندیدی دیموکرات، 10 کاندیدیان بەشداریـیان کردبوو، ئەوانیش:

کۆری بووکەر، سیناتۆری ویلایەتی نیو جێرزی.

تولسی گاببارد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ویلایەتی هاوایی.

ئەیمی کلۆبەشار، سیناتۆری ویلایەتی مینەسۆتا.

پـیت بوتجێج، سەرۆکی شارەوانی شاری ساوث بێندی ویلایەتی ئیندیانا.

ئلیزابێث وارن، سیناتۆری ویلایەتی ماسەچوسێتس.

جۆو بایدن، جێگری سەرۆکی پـێشووی ئەمەریکا.

بێرنی ساندەرز، سیناتۆری ویلایەتی ڤێرمۆنت.

کەمەڵا هەریس، سیناتۆری ویلایەتی کالیفۆرنیا.

ئەندرۆ یەنگ، کاردار.

تۆم ستێری، ملیاردێر.

بێرنی ساندەرز گوتی ترامپ هەرە گەندەڵترین سەرۆکە لە مێژووی ئەمەریکای نوێدا، بەڵام جەختی کردەوە کە نابێت لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی دیموکراتەکاندا تەنیا سەنگی بخرێتە سەر ڕەخنەکانیان لە سەرۆک ترامپ، بەڵکو پـێویستە سەنگی بخەنە سەر گرفتە ئابوریـیەکانی خەڵکی ڕووبەڕوویان دەبنەوە.


خانم ئلیزابێث وارن ئەویش گوتی کۆنگرێس ڕێوشوێنێکی ئەوتۆی نەگرتەبەر لە بەرامبەر لێکۆڵینەوەکانی ڕۆبەرت مۆلەر لێکۆڵەری تایبەت لە مەسەلەی دەستێوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2016 ، بۆیە سەرۆک ترامپ بەبێ گوێدانە ئاکامەکان فشاری خستووەتە سەر ئۆکرانیا تاوەکو لێکۆڵینەوە لەسەر کوڕی جۆو بایدن بکات.

جۆو بایدن لای خۆیەوە گوتی سەرەڕای ئەوە ئەگەربێت و بە سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرا ئەوا هیچ دەستێوەردانێکی لە وەزارەتی داد نابێت بە ئامانجی لێکۆڵینەوە لەسەر دانۆڵد ترامپ، بەڵکو ئەو کارە بۆ وەزیری داد جێدەهێڵێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانی، بایدن گوتی ببێت بە سەرۆک ئەوا ئەمەریکا وەک پـێش سەردەمی سەرۆک ترامپ لێدەکاتەوە لە ڕووی پەیوەندی و هاوپەیمانێتیـیەکانی دەرەوەی، لەوانە گەڕانەوە بۆ نێو پەیماننامەی پاریس بۆ کەش‌وهەوای جیهان.

خانم کەمەڵا هەریس ئەویش ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی سەرۆک ترامپ گرت، لەوانە کۆبوونەوەی لەگەڵ کیم جۆنگ ئون ڕێبەری کۆریای باکور و پاشان وێنەگرتن لەگەڵیدا لە بەرامبەر هیچ ئەنجامێک.

ئەندرۆ یەنگ پـرسیاری لێکرا، ئەگەر ببێت بە سەرۆک لە یەکەم پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا چی دەڵێت؟. ئەویش گوتی پـێی دەڵێت "ئەو ڕۆژانە کۆتایـیان هات کە دەستێوەردان بکرێت لە سیاسەتی ئەمەریکادا."

دیبەیتی داهاتووی دیموکراتەکان لە مانگی دوازدە لە شاری لۆس ئەنجلسی ویلایەتی کالیفۆرنیا بەڕێوەدەچێت.

بەپـێی ماڵپەڕی RealClearPolitics بۆ ڕاوەرگرتنە گشتیـیەکان، لە ئێستادا جۆو بایدنی تەمەن 77 ساڵ بە ڕێژەی 30% پشتیوانی لێدەکرێت و بە دوایدا سیناتۆر ئلیزابێث وارنی تەمەن 70 ساڵ 18% و سیناتۆر بێرنی ساندەرزی تەمەن 78 ساڵ 17%.

XS
SM
MD
LG