Accessibility links

بەرپرسانی فەڕەنسا دەڵێن 8 کەس لە هەوڵیاندا بۆ پەڕینەوە بە کەناڵی ئینگلیزدا گیانییان لە دەستداوە


ڕۆژی یەکشەممە بەرپرسانی فەڕەنسا ڕایانگەیاند هەشت کەس لە هەوڵییاندا بۆ پەڕینەوە بە کەناڵی ئینگلیزدا لە فەڕەنساوە بۆ بەڕیتانیا گیانییان لە دەستداوە.

ڕووداوەکە دوابەدوای گیان لە دەستدانی 12 کەسی دیکە دێت کە پێشتر لەم مانگەدا بەلەمەکەیان کە بەرەو بەڕیتانیا دەڕۆیشت لە کەناڵەکەدا نقوومبوو، هەروەها تیشک دەخاتە سەر فشارەکانی سەر حکومەتەکانی فەڕەنسا و بەڕیتانیا تاوەکو ڕێگەیەک بدۆزنەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پەڕینەوەی بەلەمەکاندا.

جاکویس بیلانتی بەرپرسی هەرێمی پاس دی کالاسی فەڕەنسا وتی تیمەکانی فریاگوزاری ئاگادار کرانەوە کە بەلەمێک بە 59 سەرنشینەوە ڕووبەڕووی کێشە بووەتەوە لە ئاوەکانی دەرەوەی کەناری ئامبلیتیوسی ناوچەی کالاسدا.

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بیلانت وتی " ڕووداوێکی دیکە لە دەوروبەری کاتژمێر 1 ی بەیانی ڕوویدا و هەشت کەس گیانییان لە دەستدا." وتیشی ئەو 51 کەسەی دیکە کە لەسەر بەلەمەکە بوون ڕزگارکراون و لەلای تیمەکانی فریاگوزاری و تەندروستین.

وتیشی ئەو کەسانەی کە گیانییان لە دەستداوە خەڵژی ئیریتریا و سودان و سوریا و میسڕ و ئێران و ئەفغانستان بوون.

کەناڵەکە یەکێکە لە قەرەباڵغترین ڕێڕەوی ئاویییەکان لە جیهاندا و شەپۆلەکانی زۆر بەهێزن، ئەوەش وادەکات پەڕینەوە بە بەلەمی بچووک پێیدا مەترسیدار بێت.

بیلانت وتی لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا 46 کەس لە هەوڵییاندا بۆ پەڕینەوە بە کەناڵەکەدا لە فەڕەنساوە گیانییان لە دەستداوە.

وتیشی تەنها لە 14 ی مانگی نۆدا هەشت هەوڵ هەبوون بۆ پەڕینەوە بە کەناڵەکەدا و نزیکەی 200 کۆچبەر ڕزگارکراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG