سەرۆکایەتی میسڕ لە بەیاننامەیەکدا وتی سەرۆکی وڵاتەکە عەبدل فەتاح ئەل سیسی و سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی " دەستبەجێ پەیوەندییە دیبلۆماتییەکانی نێوانییان نوێ بکەنەوە و باڵیۆزەکانییان بگەڕێننەوە."
سیسی لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە مەبەستی پیرۆزباییکردن لەسەر سەرکەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا قسەی لەگەڵ ئەردۆغاندا کردووە.
وەزیری دەرەوەی میسڕ سامح شوکری لە مانگی چواردا سەردانی تورکیای کرد و لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی مەولود چاوش ئۆغلۆدا کۆبۆوە، لەو کاتەدا هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر چوارچێوەیەکی دیاریکراوی کات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دیبلۆماتییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە و ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەیەکی نێوان سەرۆکەکانی دوو وڵاتەکە.
لە مانگی چواردا چاوش ئۆغلۆ وتی ڕەنگە دوو سەرۆکەکە دووبارە لە دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیاوە ڕاستەوخۆ کۆببنەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
سەرۆکایەتی میسڕ: سیسی و ئەردۆغان لەسەر گەڕاندنەوەی باڵیۆزەکانییان ڕێککەوتوون
